شەوە خوێناوییەكەی حەشدی شەعبی

:: PM:03:44:12/03/2026 ‌
لەوەتەی حەشدی شەعبی لە عێراق دانراوە، هیچ كاتێك بەقەد ئێستە لە ژێر گوشاردا نەبووە و هیچ كاتێكیش وەك ئێستە زەبری بەرنەكەوتووە، بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان تەنیا شەوی رابردوو 250 كەسی لە دەست داوە.

شەوی رابردوو لە چەند ناوچەیەكی عێراق هێرش كرایە سەر میلیشیاكانی عێراق، بەشێوەیەك سەرجەم بەرپرسانی عێراقی هێنایە دەنگ كە ئەوانەی ناڕاستەوخۆ بەرگری لە مانەوەی ئەو هێزانە دەكەن. بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی شەرق ئەوسەت كە ئەمڕۆ بڵاو كراوەتەوە، تەنیا لە هێرشەكەی سەر بارەگای قائیم لەسەر سنووری عێراق و سووریا، 250 كەس كراونەتە ئامانج، 99 كەس كوژراون و 123 كەس بریندارن و ئەوانی تریش بێ سەروشوێنن.

لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمەریكا و ئیسرائیل بەردەوام هێرشیان كردووەتە سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی و میلیشیاكان، بەڵام ئەوەی لە قائیم رووی داوە، وەك شەرق ئەوسەت ئاماژەی بۆ كردووە "توندترین زەبر بووە كە تا ئێستە بەر میلیشیاكان" كەوتووە. لە وردەكاریی راپۆرتەكەی شەرق ئەوسەت هاتووە، سێ‌ سەربازگە لە قائیم كراونەتە ئامانج كە سەربە لیوای 19ی حەشدی شەعبین، ئەو لیوایەش تایبەت بە میلیشیای "ئەنساروڵا ئەوفیا".
 
رۆژنامەكە باس لەوە دەكات، هێرشەكە بە فڕۆكەی جەنگی ئەنجام دراوە، فڕۆكەكانیش دوای هێرشەكە هەر بە ئاسمانی ناوچەكە ماونەتەوە و تەنانەت رێگەیان نەداوە هیچ هێزێك و فریاكەوتنێك بۆ ناوچەكە بچێت، هەر كاروانێكی بۆردمان كردووە كە بەرەو ناوچەكە چووە.

ئەو رووداوە كۆمەڵێك راگەیەنراوی لەبارەوە بڵاو كراوەتەوە، بەڵام هیچ یەكێك لەو راگەیەنراوانە ناوی لایەنی هێرشبەری نەهێناوە، بەڵام میلیشیای ئەولیا دەڵێ‌، "هێرشەكە ئەمەریكی و ئیسرائیلی" بووە. ئەنساروڵا ئەوفیا یەكێكە لەو هێزانەی كە خۆی و سەركردەكەی حەیدەر غەراوی لەلایەن ئەمەریكاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە.

جیا لەو هێرشەی قائیم لە سنووری پارێزگای ئەنباری باشووری عێراق. لە 24 سەعاتی رابردوودا چەندان بارەگای تر هێرشیان كراوەتە سەر، لەوانە هێرشێك كرایە سەر پێگەی حەشد لە شارۆچكەی موسەیب  لە پارێزگای بابل، هەروەها چەندان جار هێرش كراوەتە سەر بنكەی جورف سەخر،  هەر لە بابل و لە ناوچەی مەیادین هێرش كراوەتە سەر بارەگایەكی كەتائیبی حزبوڵای عێراقی بەڵام بارەگاكە چۆڵ كراوە.

لە واست "كوت" هێرش كرایە سەر بنكەیەكی حەشدی شەعبی كە بە سەربازگەی حەمورابی ناسراوە، دواتر هێرش كرایە سەر چەند بارەگایەكی حەشدی عەشایەری لە باكوری مووسڵ. حەشدی عەشایەری چەكدارەكانی سوننەن، بەڵام سەربە حەشدی شەعبین. جیا لەمانە چەندان جار هێرش كراوەتە سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا لە مووسڵ كە لیوای 30 شەبەكە. هەروەها هێرش كرایە سەر هێزە تایبەتەكەی حەشد لە كەركووك.

بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بێت میلیشیاكان و حكوومەتی عێراقیش، زانیاری دروست لەبارەی كوژرانی چەكداری میلیشیاكان بڵاو ناكەنەوە.
 
 
 
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل