لە یەكەم لێدوانی دوای دیاریكردنی بە رێبەڕی باڵای ئێران لە شوێنی باوكی، كە سەرەتای هەفتەی رابردوو لە هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە تاران كوژرا، ئەمڕۆ پێنجشەم موجتەبا خامنەیی رابەری نوێی باڵای ئێران رای گەیاند كە وڵاتەكەی دەستبەرداری تۆڵەكردنەوە لە خوێنی شەهیدەكانی نابێت و داخستنی گەرووی هورمزی بە پێویست لە قەڵەم دا.
ئاماژەی كرد، پێویستە ئامادەبوونێكی كاریگەرمان لە گۆِەپانەكە هەبێت، بەتایبەتی لە بەشداریكردن لە رۆژی قودس، بەشدارییەكەی فرەوان و كاریگەر و پێویستە ئەو رۆژە لە لایەن هەمووانەوە گرنگی پێ بدرێت، ئەو لە سەرەتای پەیامەكەی پرسەی و سەرەخۆشی بەهۆی كوژرانی باوكی پێشكەش كرد، رووی كردە گەلی ئێران و پێی گوتن كە ئەویش وەك ئەوان لە تەلەڤزیۆن بە دیاریكردنی وەك رێبەر زانیویەتی و دانیشتن لە شوێنی دوو رابەری باڵا و گەورە بۆ ئەو ئەركێكی سەختە، داوای پاراستنی یەكڕیزی توێژەكانی گەلی ئێران كرد.
موجتەبا لە وتەكەی كە لە حەوت تەوەر پێك هاتبوو، باسی كوژرانی باوكی و یەكپارچەیی گەلی ئێران و ئامادەبوونی كاریگەری گەلی ئێران لە گۆڕەپانەكە، لەوانە لە زیندووكردنەوەی رۆژی قودس، یارمەتیدانی یەكتر و بەردەوامبوون لەسەر بەرگریكاری و ستایشی رۆڵی حزبوڵای لبنانی و موقاوەمەی عێراقی، تۆڵەكردنەوەی لە خوێنی خامنەیی و شەهیدان، قەرەبووكردنەوەی زیانی مایەكیی ئێرانییەكانی كرد.
داوای قەرەبووكردنەوە لە دوژمنان و زیانپێگەیاندنیان بە هاوشێوە، رووی لە وڵاتانی ناوچەكە و دنیا كرد بەوەی ئێران خواستی بوونی پێوەندیی باشی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە هەیە، بەڵام دوژمن بنكەی سەربازی و دارایی لەسەر خاكی ئەوان دامەزراندووە و ئێمەش هێرشمان كردە سەر ئەو بنكانە و بۆ لەمەودواش لەو كارە بەردەوام دەبین، ئەگەرچی باوەڕمان بە دۆستایەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە.