هاوكات لەگەڵ بەردەوامبوونی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دۆخی ناوچەكە، بەتایبەتی لە رووی ئابوورییەوە بەرەو تەنگژەیەكی قووڵ دەچێت، بەتایبەتی كە ئێران گەرووی هورمزی داخستووە و بۆردمانی وێستگە و دامەزراوەكانی نەوت و وزە لە وڵاتانی ناوچەكە دەكات، لەو ناوەدا سەرۆكی ئەمەریكا پێی وایە كە پاراستنی ناوچەكە و لەناوبردنی توانا ئەتۆمییەكانی ئێران لە نرخی نەوت گرنگترە.
ئەمڕۆ پێنجشەم
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە لاپەڕی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیال نووسیویەتی، رێگرتن لە ئیمپراتۆریەتی شەڕانگێزی ئێران لە بوون بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و لەناوبردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی دنیا پێویستە.
روونی كردەوە، ئەمەریكا بە جیاوازییەكی زۆر گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە دنیا، بۆیە كاتێك نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە، پارەیەكی زۆر قازانج دەكەین، ئەوەی بۆ من وەك سەرۆك گرنگترە، رێگرتنە لە ئێران لە بوون بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و لەناوبردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی دنیا.
دوێنێ ترەمپ رای گەیاند كە دوو جار سەركردایەتیی ئێرانیان كردووەتە ئامانج، جەنگەكە بۆ ئەوان ئاسانە، كارگەكانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان وێران كردووە و گورزیان لە نزیكەی 28 بەلەمی ئێرانیی تایبەت بە چاندنی مین وەشاندووە، ئەو ئۆپراسیۆنە كورتەی ناو ئێران، لە هەڵگیرسانی جەنگێكی تر دوورمان دەخاتەوە، ئاماژەی بەوەش دا كە ئەمەریكا دەستكەوتێك بەدەست دێنێت كە هیچ كەسێك لە ناو ئێراندا پێشبینیی نەدەكرد، دووپاتی كردەوە كە بازاڕەكانی دارایی زۆر باشن و نرخی نەوتیش دادەبەزێنین.