هاوكات لەگەڵ بەردەوامبوونی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، كە ئەمڕۆ چووەتە ناو 13مین رۆژییەوە، عێراق بووەتە گۆڕەپانی شەڕ و بۆردمانی میلیشیاكان و ئەمەریكا، شەوی رابردوو ئەمەریكا گورزێكی گەورەی لە چەند لیوایەكی حەشدی شەعبی لە كەركووك و ئەنبار دا، ئەمڕۆش چەند شوێنێك بۆردمان كران، لەوانە سەربازگەی سەقر لە باشووری بەغدا.
سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژە دەكات كە ئەمڕۆ پێنجشەم دەوروبەری سەربازگەی سەقر لە باشووری بەغدا هێرشی كراوەتە سەر و بۆردمان كراوە، بەڵام تا ئێستە دیار نییە زیانەكان چین، سەربازگەكە هێزی هاوبەشی عێراقی لە سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی لەخۆ گرتووە و ئەوە دووەم هێرشە دەكرێتە سەر سەربازگەكە لە ماوەی ئەمڕۆدا.
ئەمڕۆ پێنجشەم دەستەی حەشدی شەعبی رای گەیاند كە لە سەرەتای ئەم مانگەوە 32 هێرشی ئاسمانی كراوەتە سەر بارەگەكانیان، كە لە حەوت شاری عێراق هێرش كراوەتە سەر بارەگەی لیواكانیان لە كەركووك و ئەنبار و نەینەوا و تكریت و واست و بابل و سەڵاحەدین.
لەبارەی كوژراو و بریندارەكان، بەیاننامەكەی دەستەی حەشدی شەعبی باس لەوە دەكات كە 27 كوژرا و 50 برینداریان هەیە، بەڵام ئەو زانیارییانە جیاوازن لەگەڵ ئەوانەی لە میدیاكان بڵاو دەكرێنەوە كە باسی كوژراوی زیاتر دەكەن.