لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، ئێران و میلیشیاكانی لە عێراق كەوتنە بۆردمانكردنی بنكە سەربازی و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە وڵاتانی ناوچەكە، لەوانە عێراق و هەرێمی كوردستان، شێروان دووبەردانی ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە لایەنە تەناهییەكانی عێراق بە لایەنە هێرشبەرەكان دەزانن.
دووبەردانی گوتی، بەردەوامبوونی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان لە لایەن گرووپە یاساشكێنەكانەوە، وەك ئەوەی فەرماندە تەناهییەكان ئاماژەی بۆ دەكەن، پەرەسەندنێكی مەترسیدارە، بەتایبەتی كە بۆردمانەكان شوێنی نیشتەجێی هاووڵاتییان و ژێرخانی هەرێم دەكەنە ئامانج.
روونی كردەوە، لە ماوەی رابردوو دەیان و سەتان مووشەك درۆن هەرێمی كوردستاینان كردوەتە ئامانج و پێویستە بەپەلە ئەو هێرشانە بوەستێنرێن، دووپاتی كردەوە كە فەرماندە تەناهییەكان دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە گرووپە یاساشكێنەكان لەپشت هەڵدانی مووشەكن بۆ هەرێم، واتە لایەنە تەناهییە پێوەندیدارەكان زانیارییان لەبارەی ئەو لایەنانە هەیە كە لەپشت هێرشەكانن.
دووبەردانی ئاماژەی كرد، پارتی و هێزە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵایان بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكانی سەر هەرێم كردووە و چاوەڕوانی رەزامەندیی دەستەی سەرۆكایەتین بۆ پێكهێنانی، دووپاتی كردەوە كە پاراستنی هاووڵاتییان و ژێرخانی هەرێم بەرپرسیارەتیی حكوومەتی فیدراڵییە و پێویست بە وەرگرتنی رێوشوێنی توند بۆ رێگرتن لە هێرشكردنەسەریان دەكات.