هێرش كرایە سەر فڕۆكەخانەی بەغدا

:: PM:06:55:12/03/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ ئەو شەڕە ئاسمانییەی لە نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئێران لە ناوچەكە سەری هەڵداوە و خەریكە دەچێتە ناو سێیەم هەفتەیەوە، عێراق زیاترین وڵاتە كە بە شەڕەكە لە چەند روێكەوە كاریگەرە، وەك شارەزایان دەڵێن عێراق بووەتە گۆڕەپانێكی یەكلاكردنەوەی حیسابات لە نێوان ئەمەریكا و ئێران و میلیشیاكانی، ئەمڕۆ فڕۆكەخانەی بەغدا بۆردمان كرا.

بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی ئەمڕۆ پێنجشەم ناوەندی پاڵپشتیی دیپلۆماسی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا كرایە ئامانج، تا ئێستە سروشتی كردنەئامانجەكە دیار نییە، لەو كاتەی بەشێكی فڕۆكەخانەكە بەناوی بنكەی ڤیكتۆریا، پێشتر تایبەت بوو بە هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و لە ماوەی دوایی چەند جارێك بە درۆن هێرشی كراوەتە سەر. 

ئەمڕۆ پێنجشەم دەوروبەری سەربازگەی سەقر لە باشووری بەغدا هێرشی كراوەتە سەر و بۆردمان كراوە، بەڵام تا ئێستە دیار نییە زیانەكان چین، سەربازگەكە هێزی هاوبەشی عێراقی لە سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی لەخۆ گرتووە و ئەوە دووەم هێرشە دەكرێتە سەر سەربازگەكە لە ماوەی ئەمڕۆدا. 

هەر ئەمڕۆ دەستەی حەشدی شەعبی رای گەیاند كە لە سەرەتای ئەم مانگەوە 32 هێرشی ئاسمانی كراوەتە سەر بارەگەكانیان، كە لە حەوت شاری عێراق هێرش كراوەتە سەر بارەگەی لیواكانیان لە كەركووك و ئەنبار و نەینەوا و تكریت و واست و بابل و سەڵاحەدین.

لەبارەی كوژراو و بریندارەكان، بەیاننامەكەی دەستەی حەشدی شەعبی باس لەوە دەكات كە 27 كوژرا و 50 برینداریان هەیە، بەڵام ئەو زانیارییانە جیاوازن لەگەڵ ئەوانەی لە میدیاكان بڵاو دەكرێنەوە كە باسی كوژراوی زیاتر دەكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل