هێرشی كەشتییەكان لە نزیك بەسرە چۆن كار لە ئابووریی عێراق دەكات؟

:: PM:08:57:12/03/2026 ‌

هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران پێی نایە 13مین رۆژیەوە و تا ئێستە بەردەوامە و هیچ ئاماژەیەك بۆ وەستانی نییە، ئێران كۆنترۆڵی گەرووی هورمزی كردووە و بە رووی هاتوچۆی كەشتییە بازرگانی و هەڵگری نەوتییەكانی داخستووە، ئەوەش كاری كردووەتە سەر نرخی نەوت لە دنیا، شەوەی رابردوو دوو كەشتی هەڵگری نەوت لە كەناراوەكانی بەسرە سووتان، جیا لەوانەی لە نزیك گەرووی هورمز هێرشیان كرایە سەر، شارەزایان پێیان وایە درێژخایەنیی شەڕەكە شەڕی كەشتییەكانی بەدواوە دێت و عێراق لەوەش زەرەر دەكات.

سەفا ئەعسەم شارەزای بواری تەناهی دەڵێت، ئەوەی لە نزیك كەناراوەكانی عێراق رووی دا دەكرێ ئاماژەیەك بێت بۆ گواستنەوەی شەڕی كشتییەكان بۆ شەڕێكی فرەوانتر، بەتایبەتی دوای پەرەسەندنەكانی گەرووی هورمز، ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووەكەی لە رێگەی مینی دەریایی و درۆن و پاپۆڕی خێرا كردووە، لە بەرانبەردا پارچە دەریاییە سەربازییەكانی ئەمەریكا گەیشتووەنەتە ناوچەكە، واتە رێڕەوی دەریایی لە كەنداو بووەتە بەشێك لە گۆڕەپانی جەنگ.

روونی كردەوە، ئەگەر پەرەسەندنەكانی ناوچەكە بەردەوام بن، رەنگە رێڕەوە ئاوییەكانی نزیك لە عێراق ببنە بەشێك لە دۆخی شەڕەكە، بەتایبەتی كە بەندەركانی باشوور دەروازەی سەرەكیی هەناردەكردنی نەوتی عێراقن، ئەوەش واتە هەر پەرەسەندنێكی زیاتری دەریایی لە كەنداو راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر ئابووری عێراق و ئاسایشی وزەكەی دەبێت.

ریاز حەمیداوی توێژەر پێی وایە هێرشی سەر كەشتییەكانی نەوت لە نزیك كەناراوەكانی عێراق، رێڕەوە دەریاییەكان لە باكوری كەنداو دەخاتە ناو هاوكێشەی ململانێی ناوچەكە، چونكە ئەو ناوچەیە خاڵی سەرەكیی هاتوچۆی كەشتییەكانە بەرەو بەندەرەكانی عێراق، بۆیە هەر كردنەئامانجێكی كەشتییەكانی نەوت لەو ناوچەیە، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هاتوچۆی دەریایی دەبێت، وا لە كۆمپانیاكانی گواستنەوە و بیمە دەكەن خەرجی مەترسی زیاد بكەن، ئەوەش كار لە خەرجی باركردن، بەتایبەتی بۆ هەناردنی نەوتی عێراق دەكات.        



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل