لەناو پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و شەڕی ئەمەریكا و ئێران، دۆخی سیاسیی عێراق بەدەست داخران و پەككەوتن و لێكترازان دەناڵێنێت، وای لێ هاتووە شارەزایان پێیان وایە هێزە سیاسییەكانی عێراق لە سایەی سەرقاڵیی واشنتن و تاران بە شەڕ، تووشی جۆرێك لە وێڵبوون هاتوونەتەوە و ناتوانن بڕیار بدەن و خۆیان یەكلا بكەنەوە، تەواوی هێزە شیعەكان و پرۆسەی سیاسی لە عێراق تووشی وێلبوون هاتوونەتەوە.
رەمەزان بەدران شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، ئەو شێوانەی تووشی هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هێزە سیاسییەكانی تر بووەتەوە، تەنیا پێوەست نییە بە دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ، بەڵكو رەنگدانەوەی تەنگژەیەكی قووڵترە پێوەست بە نەبوونی زەوینەیەكی روون بۆ بنیاتنانی لێكگەیشتنی سیاسی لە نێوان هێزە جیاجیاكان.
بەدران پێی وایە ئەو وێڵبوونەی هێزە سیاسییەكانی عێراق تایبەت نییە بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەڵكو تەواوی گۆڕەپانی سیاسی گرتووەتەوە، ئەوەش لە سایەی تێكهەڵكێشیی ناكۆكییە ناوخۆییەكان لەگەڵ ململانێی ناوچەكە، كە بووەتە هۆكاری سەرەكی بۆ دیاریكردنی بڕیاری سیاسی لە عێراق، عێراق لەبەردەم هاوكێشەیەكی ئاڵۆزە پێوەست بە هاوسەنگی دەرەوە، كە دەبێت هێزە سیاسییەكان حسێب بۆ واشنتن و تاران بكەن، كێشەكەش ئەوەیە عێراق سەربەخۆ نییە لە بڕیاردانی سیاسی.
ئەو شرۆڤەكارە ئاشكرای دەكات كە بژارەی كانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوون، دیاریكردنی نووری مالیكی یان محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، یەكەمیان هێشتا ماوە، بەڵام بەردەوامبوون لەسەری مەترسییەكی گەورەی تیادایە، لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمەریكا، دووەم زیاتر كردەنییە، بەڵام رووبەڕووی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی دەبێتەوە، جیا لەو دوو ناوە ئەنجامی مسۆگەر نییە، ئەوەش بڕیاردانی ئاڵۆز كردووە.