هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە كۆتای ساڵی رابردوو هاتە سازكردن، دەبوایە تا ئێستە هەرسێ سەرۆكایەتییەكانی عێراق دیاری بكرێن، بەڵام هێشتا سەرۆك كۆمار و سەرۆكی حكوومەت و كابینەی نوێی حكوومەت دیاری نەكراوە، لە كۆتایی مانگی شوباتی رابردوو هەڵمەتی سەربازیی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران دەستی پێ كرد و ئەوەش دۆخی سیاسیی عێراقی ئاڵۆزتر كرد.
فەلاح مەشعەل توێژەری سیاسی دەڵێت، ئەو چەقبەستووە سیاسییەی لە عێراق لەبارەی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ هەیە، بووەتە ئەمری واقیع، راستەوخۆ بە پەرەسەندنەكانی ناوچەكە كاریگەرە، بەتایبەتی شەڕی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران و كاریگەرییەكانی لەسەر دۆخی سیاسیی عێراق.
زیاتر گوتی، پەرەسەندنەكانی كەنداو كاریان لە ناوخۆی عێراق كردووە، بەتایبەتی لەسەر دۆخی ئابووری و وەستانی هەناردنی نەوت، كە شادەماری ئابووریی عێراقە، جیا لە گوشارە سیاسییەكانی پێوەست بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، لەوانە داواكارییەكانی ئەمەریكا بە پێویستی دوورخستنەوەی میلیشیاكان لە پێكهێنانی هەر حكوومەتێك، یان قبووڵكراوی لە لایەن واشنتن، ئەوانەش رۆڵیان هەبوو لە دواخستنی پێكهێنانی حكوومەتەكە.
ئەو توێژەرە سیاسی پێی وایە هەڵوێست بەرانبەر بە دوورخستنەوەی میلیشیاكان و رووبەڕووبوونەوەی چالاكییەكانیان لە عێراق، لە دوای تۆمەتباركردنیان بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر بنكە سەربازی و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق گۆڕاوە، وای كردووە ئەو دۆسیە بێتە پێش دۆسییە سیاسییەكان، ئەوانەش وایان كرد كە چەقبەستوویی سیاسی زیاتر بێت، ئەوە لەوكاتەی چینی سیاسی لە عێراق خۆی بە هۆكاری دەرەكییەوە بە دەستی بێتوانایی لە بڕیاردان دەیناڵاند.
مەشعەل پێی وایە یەكلاكردنەوەی بابەتی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە تا كاتی یەكلابوونەوەی ئەو شەڕەی لە ناوچەكە هەیە و دەركەوتنی نەخشەی هاوسەنگیی نوێی سیاسی، لەوانە پێگەی عێراق لە هاوكێشە گۆڕاوەكانی ناوچەكە.