هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، كە لە دووەم هەفتەیەتی، وەك رەشەبایەك هەلی كردە سەر ناوچەكە، كاری كردە سەر دۆخی ئابووری و تەناهیی ناوچەكە، كاریگەرییەكەی لەسەر عێراق زۆر گەورە بوو، جیا لە رووەكانی ئابووری و تەناهییەوە، كاریگەریی سیاسیشی هەبوو و پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی دوا خست، وەك شرۆڤەكارێك ئاماژەی بۆ دەكات.
غالب دەعمی شرۆڤەكاری سیاسی پێی وایە دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق لە پەرەسەندنەكانی ناوچەكە بەدەر نییە، نیوچە رێككەوتنێكی رانەگەیەندراو لە نێوان هێزە سیاسییە شیعەكان هەیە بەوەی چاوەڕوانی ئەنجامی شەڕی ناوچەكە بكەن، بەر لەوەی پەنا بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتی كاندیدی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ ببەن.
روونی كردەوە، ئێستە هێزە سیاسییەكان چاودێریی شەڕەكە و كاریگەریەیكانی لەسەر هاوسەنگی هێز لە ناوچەكە دەكەن، سیناریۆكانیشی هەن پێوەستن بە ئەنجامی شەڕەكە، ئەگەر شەڕەكە بە بەهێزبوونی دەسەڵاتی ئێران كۆتایی هات، هێزە سیاسییەكانی نزیك لە ئێران بژارەی جیاوازیان لەبارەی سەركردایەتی و شێوەی حكوومەتی نوێ دەبێت.
دەعمی دووپاتی كردەوە، بەڵام ئەگەر دۆخەكە بۆ ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی یەكلا بووەوە، هاوكێشەیەكی جیاوازی سیاسی دێتە سەپاندن و وا لە هێزە سیاسییە عێراقییەكان دەكات چاو بە حیساباتی خۆیان پێوەست بە كاندیدی سەرۆكی حكوومەت و پێكهێنانی حكوومەتەكە بخشێننەوە.
ئاماژەی كرد، ئەو چاودێریكردنەی ئەنجامی شەڕەكە هۆكاری بەشێكی ئەو چەقبەستووە سیاسیەیە كە دەبینرێت، كاتێك هێزە كاریگەرە شیعەكان دواخستنی یەكلاكردنەوەی بابەتەكەیان تا دوای كۆتاهاتنی شەڕی ناوچەكە كەنداو پێ باشترە، لە ئەگەری گۆڕانی هاوسەنگیی هێز بەو هۆیەوە.