ئیسرائیل شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر تاران دەست پێ کرد

:: PM:10:27:12/03/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر تارانی پایتەختی ئێران دەست پێ کرد، کە بەهۆیەوە دەنگی بەرگرییە ئاسمانییەکان لە چەندان ناوچە بیسترا.

لە لێدوانێکدا لەبارەی هێرشەکە، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، هێرشە بەرفراوانەکەمان بۆ سەر تاران، دامەزراوەکانی ڕژێمی ئێران دەکاتە ئامانج.

پێشتر و هەر ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم، عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکای دایەوە کە ئاماژەی بەوە کردبوو دەتوانێت هەر کاتێک بیەوێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت. لاریجانی ڕای گەیاند کە هەڵگیرساندنی جەنگ ئاسانە، بەڵام کۆتاییهێنان پێی شتێک نییە تەنیا بە چەند تویتێک بکرێت.

جێگەی باسە دوێنێ چوارشەم، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاندبوو کە جەنگی سەر ئێران "بەمنزیکانە کۆتایی دێت"، و ئاماژەی بەوە دابوو کە هیچ ئامانجێکی گرنگ لەو وڵاتەدا نەماوە.

ئەو لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە بانكێکی ئێرانی کرایە ئامانج، و لە بەرانبەردا سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا بەڵێنی دا کە هێرش بکاتە سەر ئامانجە ئابوورییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، لە ناویاندا بانکەکان.

لە بەیاننامەکەی پاسداران هۆشداری دراوەتە دانیشتووانی ناوچەکە کە خۆیان بەدوور بگرن لە مانەوەیان لە دووریی کەمتر لە یەک کیلۆمەتر لە نزیک ئەو دامەزراوانە، لە هەمان کاتدا بانکی (HSBC) لە قەتەر، داخستنی سەرجەم لقەکانی خۆی دوای هۆشدارییەکەی ئێران ڕاگەیاند.


وشە - پۆڵا مەحموود