ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی ئاداری 2026، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هەڕەشەی لە موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵای نوێی ئێران و نەعیم قاسم ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لبنان کرد، و دووپاتی کردەوە کە "سوپرایز" لەبارەی "چارەنووسیان" هەیە.
نەتانیاهۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی سوپرایزمان هەیە کە پێوەندیی بە چارەنووسی موجتەبا خامنەیی و نەعیم قاسمەوە هەیە. زیاتر گوتی، دەستکەوتی گەورەمان بەدەست هێناوە کە هاوسەنگییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت.
نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە لە ڕۆژانی مێژووییداین و ئۆپەراسیۆنی دژی ئێران بەردەوامە، و گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل لە ناو ئێران دایە.
هەروەها ڕوونی کردەوە کە حزبوڵا باجێکی قورس دەدات بەهۆی دوژمنکارییەکانی بەرانبەر بە ئیسرائیل، و ئاماژەی بەوە کرد کە ڕژێمی ئێران پلانێکی داناوە بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل بە مووشەکی بالیستی و بریکارەکانی و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی.
نەتانیاهۆ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین و دەبینە هێزێکی ناوچەیی، و لە هەندێک بواریشدا دەبینە هێزێکی جیهانی.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕوونی کردەوە، ئەگەر بەرانبەر بە ئێران نەجووڵاباین، ئەوا پیشەسازییە سەربازییەکانی زۆر بە توندی لە ژێر زەویدا قایم دەکران، و ئێمە کار دەکەین بۆ ڕەخساندنی بارودۆخ بۆ گەلی ئێران تا ڕژێمەکە دەربکەن.
لەبارەی دۆستایەتییەکانیشیانەوە گوتی، هاوپەیمانییەکی بێپێشینەمان لەگەڵ ئەمەریکا دروست کردووە و هەموو ڕۆژێک لەگەڵ ترەمپ قسە دەکەم، و پێوەندیی نێوان من و ترەمپ زۆر بەهێزترە لەوەی کە پێشتر لە نێوان سەرکردەی هەردوو وڵاتدا هەبووە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش دا، بە توندی لە سوپای پاسدارانی ئێران و بەسیج دەدەین لە ناو بارەگا و خاڵەکانیان، ساتی ئازادیی گەلی ئێران نزیک بووەتەوە، بەڵام تەنیا بەدەست گەل خۆیەتی.
نەتانیاهۆ دووپاتی کردەوە، ڕێگە نادەین ئێرانییەکان هەڕەشەی بوونەکی بۆ سەر ئیسرائیل پەرە پێ بدەن، و بە وردی باس لەو پلانانە ناکەم کە بۆ گورزەکانی داهاتوومان دژی ئێران دامانناوە.
لە کۆتاییدا نەتانیاهۆ گوتی، هاوپەیمانیی نوێ دەبەستین کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر وەک خەون دیار بوون، و ئاماژەی بەوەش دا کە حزبوڵا هەست بە هێزەکەمان دەکات و باجێکی زۆر قورس دەدات.