سوپای پاسداران لە گوندێكی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان وەدەرنران، كە زیانیان بە ناوچەكە گەیاندبوو.
دوو هەفتە بەسەر شەڕی نێوان ئێران- ئەمەریكا و ئیسرائیل تێپەڕ دەبێت، هەرچەندە گورزی گەورە لە ناوەندە سەربازییەكانی ئێران دراون، بەڵام یەكەمجارە خەڵكی گوندێك لە ناوخۆی خۆیاندا رێك بكەون و سوپای پاسداران لە سنووری گوندەكەیان دەربكەن.
رووداوەكە بەمشێوەیە بووە: دوای هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر بنكەكانی سوپای پاسداران لە ناوچەی "سەرشیوی" مەریوان و بەتایبەت بە ئامانجگرتنی بارەگای گوندی گۆگجە، كە زیانی زۆری بە هاووڵاتییان گەیاندووە، سوپای پاسداران هەوڵیاندا مزگەوتی گوندەكە وەك حەشارگە بەكار بهێنن و تێیدا نیشتەجێ بن، بەڵام خەڵكی گوندەكە بە یەكگرتوویی هێزەكانیان لەو گوندە وەدەرنا.
هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران لە بەرانبەر ئەو كاردانەوەیە، بە تەقەكردن ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی خەڵكی گوندەكە بوونەوە.
بەپێی زانیارییەكان، نزیكەی 200 پاسدار بە ناچاری و دوای كۆكردنەوەی چەك و تەقەمەنییەكانیان گوندەكەیان چۆڵكرد.