موقاوەمەی ئیسلامی: لە 24 سەعاتدا 27 هێرشمان ئەنجام داوە

:: PM:08:58:14/03/2026 ‌

هەڵمەتە سەربازییە هاوبەشەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پێی نایە سێیەم هەفتە و بەردەوامە، دوای دەست پێكردنی هێرشەكانی سەر ئێران، ملیشیا شیعەكانی عێراق كە خۆیان وەك موقاوەمەی ئیسلامی ناساندووە، دەستیان كردووە بە كردنەئامانجی بنكە سەربازی و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ رایان گەیاند كە لە 24 سەعاتدا 27 هێرشیان ئەنجام داوە.

وەك لە بەیاننامەیەكی هاوئاهەنگیی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هاتووە، كە ژمارەیەك گرووپی حەشدی شەعبیش دەگرێتەوە، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا 27 هێرشیان لە دژی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكە ئەنجام داوە، ئەوەش لە رێگەی دەیان درۆن و مووشەكەوە.

ئەمڕۆ لە عێراق هاتە راگەیاندن كە هێرش كراوەتە سەر بنكەی لۆجیستی لە فڕۆكەخانەی بەغدا و كونسوڵگەی ئیمارات لە هەولێر و باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا.

لە لایەكی تر دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەك كە ئاراستەی میدیا و سۆشیال میدیاكانی كردووە، دووپاتی كردەوە كە هەڵوێست و بەیاننامە فەرمییەكانی بەرجەستەی بۆچوونی دەستەكە دەكەن، راستەوخۆ لە كەناڵ و سەكۆكانی باوەڕپێكراوی دەستەی حەشدی شەعبی دەردەچن، كە بریتییە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن.   

دووپاتی كردەوە كە هەر لێدوان و هەواڵێك لە دەرەوەی ئەو سەكۆیانە بڵاو دەبنەوە، بەرجەستەی بۆچوونی دەستەكە و هەڵوێستە فەرمییەكانی ناكات و بۆچوونی لایەن و كەسیی ئەوانەن كە بڵاویان كردووەتەوە، بۆیە پێویستە هەمووان ئاگەدار بن و لە گواستنەوەی هەواڵ و بۆچوونەكانی حەشدی شەعبی، پشت بە سەرچاوەی فەرمی دەستەكە ببەستن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل