هێزی دەریاوانی عێراق خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەكات

:: PM:09:50:14/03/2026 ‌

لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی سەر ئێران لە لایەن ئەمەریكا و ئیسرائیل، ئێران پەنای بۆ داخستنی گەرووی هورمز و بۆردمانكردنی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە وڵاتانی ناوچەكە برد، لەوانە عێراق، جیا لەوە چەند كەشتییەكی هەڵگری نەوت سووتان و هێرش كرایە سەر چەند بەندەرێك لە كەنداو، رووداوەكان زۆر لە عێراقەوە نزیك بوون و هێرش كرایە سەر دوو كەشتی هەڵگری نەوت لە كەناراوەكانی بەسرە، ئەوەش وای كرد عێراق خۆی بۆ شەڕ ئامادە بكات.

ئەمڕۆ شەموو مازن كبیان فەرماندەی هێزە دەریاییەكانی عێراق داوای ئامادەسازی شەڕوان بۆ پاراستنی سنووری ئاوی عێراق و بەندەرە نەوتی و بازرگانییەكان بكات، ئەوەش دوای ئەوەی چەند كەشتیییەكی نەوت لە نزیك بەندەری بەسرە هێرشیان كرایە سەر و سووتان، كبیان بەندەری گەورەی فاو و هێزی پارێزەری بەندەركەی بەسەر كردەوە بۆ ئاگەداربوون لە دۆخی ئامادەسازییان. 

بەپێی بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپای عێراق، فەرماندەی هێزی دەریاوانیی عێراق رێنوێنی و راسپاردەی دەركرد پێوەست بە بەرزكردنەوەی ئاستی خۆسازدانی شەڕوانی و دابینكردنی ئاسایشی سنوورە ئاوییەكانی عێراق و بەندەرە نەوتی و بازرگانییەكان، كە شادەماری ئابووری عێراقن، دووپاتی لە گرنگیی ئەركی هێزی دەریاوانیی كردەوە لە پاراستنی سنووری ئاویی عێراق.  

پێنجشەمی رابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بە كردنەئامانجی چەند كەشتییەكی هەڵگری نەوت لە سنووری ئاویی عێراق پێشان دا داوای كرد هەناردنی نەوت لە شەڕ و ململانێكان دوور بخرێنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەم دواییە دوو كەشتی هەڵگری نەوت لە نزیك بەندەری بەسرە بە بەلەمی بۆمبڕێژكراو هێرشیان كرایە سەر. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل