مارێنز بۆ ئه‌وه‌ هاتووه‌؟ "كردنەوەی هورمز بڵاوەپێكردنی هێزی لە كەناراوەكانی ئێران دەوێت"

:: AM:09:27:15/03/2026 ‌

ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵی ئەمەریكی، ڕاپۆرتێكی لەبارەی هەوڵی ترەمپ بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز بە رووی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان بڵاو كردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەكات، بە بڵاوەپێكردنی هێزی وشكایی لە كەناراوەكانی ئێران یان كۆنترۆڵكردنی ئاسمان و كەشتیی جەنگی یاوەری كەشتییە نەوتهەڵگرەكان، دەتوانرێ ئەم كارە بكرێت.

وۆل ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی، گەرووی هورمز لە تەسكترین ناوچەیدا ڕووبەرەكەی دەگاتە 21 میل، درۆنی ئێرانی و مووشەكی دژە كەشتی ئێرانی دەتوانن ناوچەكە بكەن بە ناوچەی "مەرگ" بۆ دەریاوانانی ئەمەریكا.

لەبارەی ئەو بژارانەیشی كە ئەمەریكا دەتوانێ بیگرێتەبەر بۆ كردنەوەی گەرووەكە، ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، بەكارهێنانی زۆرترین هێزی ئاسمانی بۆ چاودێریكردن و وێرانكردنی سەكۆی هەڵدانی مووشەك و درۆن لە كەناراوەكانی ئێران بۆردمان بكەن، بەر لەوەی ئێرانییەكان بیگرنە كەشتییەكانی ناو گەرووی هورمز، بژارەی دووەمیش بریتییە لە بڵاوەپێكردنی هێزی وشكایی لە كەناراوەكانی بەری ئێران و داگیركردنی و دەركردنی هێزەكانی ئێران لەو ناوچەیە.

حكوومەتی ئەمەریكا دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە هەموو بژارەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی گەرووی هورمز لە بەردەم واشنتن كراوە و تاوتوێیان دەكات، لە ناویشیاندا بڵاوەپێكردنی هێزی وشكایی لە كەناراوەكانی ئێران، بۆ ئەو مەبەستەیش لە ڕۆژانی ڕابردوو، ئەمەریكا مارێنزی ئەمەریكی و كەشتیی جەنگی یو ئێس ئێس تریپۆلی لە ئاسیاوە ئاراستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد.

لە ئەگەری جێبەجێكردنی بژارەی یەكەم كە چاودێریی وردی ئاسمانی و كەشتیی جەنگی یاوەرە بۆ هەر كەشتییەكی نەوتهەڵگر، شارەزایان بۆ ڕۆژنامەكە گوتوویانە، هەر كەشتییەكی نەوتهەڵگر پێویستی بە دوو كەشتی جەنگییە، بۆ دەربازكردنی 5 تا 10 كەشتی نەوتهەڵگر پێویستی بە 12 كەشتی جەنگی و چاودێری و بەرگریی ئاسمانی چڕ هەیە.

تا ئێستە ڕوون نییە كە ئەمەریكا كام یەك لەو بژارانە بۆ كۆنترۆڵكردنی گەرووی هورمز دەگرێتەبەر، بەڵام هەوڵەكانی واشنتن بۆ ئەم كارە بەردەوامی هەیە و پێشتریش دۆناڵد ترەمپ داوای لە وڵاتانی وەك چین و بەریتانیا و فڕەنسا و ژاپۆن كرد، كەشتیی جەنگی ڕەوانەی ناوچەكە بكەن، تا یاوەری كەشتییە نەوتهەڵگرەكان بكەن و تەنگژەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كۆتایی پێ بهێنن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د