ئیسرائیل وادەی كۆتایی جەنگ دژی ئێران ڕادەگەیەنێت

:: AM:10:39:15/03/2026 ‌

میدیاكانی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەكشەم بڵاویان كردەوە، بۆچوونێك لای سەركردایەتیی سوپای ئیسرائیل لەبارەی كۆتاهێنانی جەنگ دژی ئێران لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوو و بە دیاریكراویش تا كۆتایی ئەم مانگە دروست بووە.

ڕۆژنامەی یسرائیل هیوم لەبارەی ئیال زامیر سوپاسالاری ئیسرائیل بڵاوی كردووەتەوە، چاوەڕوان دەكرێ و ئەگەری ئەوە هەیە لە سەرەتای مانگی نیسان/ئەپریل لەگەڵ هاتنی جەژنی هەستانەوە، كۆتایی بە هێرشكردنە سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران بێت.

ئاماژەی داوە، بەگوێرەی خوێندنەوە و لێكدانەوە سەربازییەكان، تەواوكردنی لێدان لە ئامانجە مەیدانییەكان لە ناو خاكی ئێران تا دوو هەفتەی تر بە تەواوی كۆتاییان پێ دێت، ئەمەیش وا دەكات كە جەنگەكە بگات بە دوا قۆناغ و كۆتایی زۆر نزیك ببێتەوە.

بەرپرسانی ئیسرائیل لەبارەی كەوتنی ڕژێمیشەوە ئاماژەیان داوە، دەرفەتی لەناوبردنی ڕژێمی ئێستەی ئێران زۆر كەم بووەتەوە، هەرچەندە بەر لە دەستپێكی جەنگەكە پێشبینی دەكرا لە ماوەی كەمدا بكەوێ و كۆتایی پێ بێت.

ڕۆژی 28ی شوبات/فێبرایەر، هێرش بۆ سەر ئێران لەلایەن ئیسرائیل و ئەمەریكاوە دەستی پێكرد و ماوەی 16 ڕۆژە بەردەوامی هەیە، تا ئێستە هیچ یەكێك لەو سێ وڵاتەی لە ناو شەڕەكەدان بە فەرمی وادەیەكی دیاریكراویان بۆ كۆتاهێنان بە جەنگەكە ڕانەگەیاندووە. هەرجارە و یەكێك لەو وڵاتانە وادەیەك ڕادەگەیەنێت و دواتریش لێدوانی تر دەدەن و دۆخەكە وەك خۆی لێ دێتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د