وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیدارێكدا ئاشكرای كرد، لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە گفتوگۆی دیپلۆماسی بەردەوامی هەیە و جووڵە و ناوەندگیری هەیە تا كۆتایی بە گرژی و جەنگ بهێنرێ. تارانیش ئامادەی تاوتوێكردنی هەر دەستپێشخەری و پێشنیازێكە بۆ كۆتاهێنانی تەواوەتی جەنگ.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ڕۆژنامەی "
ئەلعەرەبی ئەلجەدید" گوتی، ئێران ئامادەی دانیشتنە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوەی هاوبەش بۆ زانینی سروشتی ئەو ئامانجانەی كە هێرشیان كراوەتەسەر، ئایا ئامانجی ئەمەریكی بوون یان نا، بە دڵنیاییەوە ئەو بۆردمانانەی ئێران ئەنجامی دەدات بە وردی بنكەكانی سەربازی ئەمەریكا و بەرژەوەندییەكانی دەكاتە ئامانج و وەك وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی كە دەكرێتە سەر ئێران.
لە بەشێكی تری قسەكانی عێراقچی دەڵێ، تاران زانیاریی نوێ و سوودبەخشی دەست كەوتووە كە هەریەك لە ئەمەریكا و ئیسرائیل، بەهەمانشێوە هێرش دەكەنە سەر وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەكە، ئەمەریكییەكان ئێستە درۆنێكی هاوشێوەی شاهیدیان بە ناوی لوكاس دروست كردووە و بەكاری دەهێنن بۆ بە ئامانجگرتنی وڵاتانی عەرەبی.
زیاتر گوتی، پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەردەوام بوونی هەیە و لە ناویشیاندا قەتەڕ و سعوودیە و عومان، پێوەندیی دیپلۆماسی نەوەستاوە و جووڵە و ناوەندگیر لە وڵاتانی ناوچەكە بوونیان هەیە بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان و خستنەڕووی بیرۆكەی كۆتاهێنان بە جەنگ، بە دڵنیاییەوە تاران ئامادەیە تاوتوێی هەر پێشنیاز و دەستپێشخەرییەك بۆ كۆتاهێنانی یەكجارەكی و تەواوەتی جەنگ بكات.