بەرپرسێك: ئەو بۆرییانە بە بودجەی عێراق نەكڕاون
ئێستە كاتی لێپرسینەوە لەگەڵ بەغدا هاتووە
بەر لە هەر مەرجێك، دەبێت هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان بوەستن
رۆژنامەی شەرق ئەوسەت، لە زاری دوو بەرپرسی هەرێمی كوردستان ئەو مەرجانە ئاشكرا دەكات كە هەرێم بۆ بەغدا لە بەرانبەر رێگەدان بە هەناردەی نەوتی عێراق بە بۆرییە نەوتییەكانی كوردستان دایناون، یەكێك لە بەرپرسەكانیش دەڵێ، "كاتی لێپرسینەوە لە زۆر بابەت هاتووە، یەكێك لەوان چەندان ساڵە بودجەی هەرێمی كوردستان بڕاوە".
ئەمڕۆ یەكشەم 15ی ئادار، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رازی نەبووە نەوتی عێراق لە رێگەی بۆرییە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت. وەزارەتی نەوت بێ ئەوەی روونكردنەوە بدات، هیچ ئاماژەیەكی بە مەرجەكان نەكردووە و تەنیا گوتویەتی، " كۆمەڵێك مەرجی داناوە كە پێوەندییان بە بابەتی هەناردەی نەوتەوە نییە".
لەبارەى ئەو مەرجانەیش وەزارەتی نەوت دەڵێ، "لەلایەن خۆمانەوە روونمان كردووەتەوە كە دەكرێت دواتر هاوتەریب لەگەڵ دەست پێ كردنەوەی نەوت، تاوتوێی ئەو مەرجانە بكەین، چونكە دواخستنی هەناردە؛ عێراق لە هەندێك داهات بێبەش دەكات".
رۆژنامەی
شەرق ئەوسەت ئەمڕۆ لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات پێشتر قسەی لەگەڵ دوو بەرپرسی كورد كردووە، ئەوان مەرجەكانیان بۆ شەرق ئەوسەت باس كردووە و دووپاتیشیان كردووەتەوە، ئێستە رۆژی لێپرسینەوەیە لەگەڵ بەغدا، یەكێك لە بەرپرسەكان دەڵێ، ئێستە كاتی ئەوەیە لێپرسینەوە لەسەر زۆرێك لە بابەتەكان بكرێت، لەوانە چەندان ساڵە بودجەی هەرێم بڕاوە".
بەرپرسەكەی تریان دەڵێ، "بابەتی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆرییە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا نابێت بێ مەرج بێت، ئەو هەنگاوە پێوەستە بە چەندان تێگەیشتنی سیاسی و ئابووریی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی، لەوانەیشە ئەو پێشهاتانەی بازاڕی وزە بە تایبەت زۆر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت رۆڵیان هەبێت".
بەرپرسە كوردەكان باسیان لە گرنگیی بۆرییە نەوتییەكان كردووە و دووپاتی دەكەنەوە، هەرێمی کوردستان ناچار بووە ئەو بۆرییانە رابكێشێ، چونكە بەغدا چوار ساڵ لە نێوان 2014 و 2018 مووچەی فەرمانبەرانی بڕیوە، ئەمەیش وایكرد دەسەڵاتی هەرێم بیر لەو بۆرییانە بكاتەوە بۆ ئەوەی سەرچاوەی داهاتی هەبێت.
یەكێك لە بەرپرسەكان دەڵێ، "لۆجیكی نییە بەغدا تەنیا پارەی تێپەڕبوون بدات، بەڵكو دەبێت پارەیەكی زیاتر بە هەرێم بدات، چونكە بۆرییەكان بە بودجەی عێراق ئەنجام نەدراوە، بەڵكو بە پارەیەك بووە كە دواتر وەك قەرز خراوەتە سەر ئەستۆی هەرێمی كوردستان".
بەرپرسە كوردەكان باس لەوەیش دەكەن، "سروشتییە هەرێم لەم كاتەدا كۆشش بكات بۆ ئەوەی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات، لە چوارچێوەی تێگەیشتنێك كە بەرژەوەندیی هەردوولا لەبەرچاو بگیرێت و سەقامگیری لە دۆسیەی نەوت بەرجەستە بكات". كێشەیەكی تر كە ئاماژەی بۆ كراوە ئەوەیە، هەرێم لە دەروازە سنوورییەكان كێشەی لەگەڵ جێبەجێكردنی سیستمی ئەسكیۆدا هەیە، پێی وایە ئەمە بەم دواییە زیانێكی زۆری بە بازرگانیی هەرێم گەیاندووە.
یەكێك لە بەرپرسەكان باس لە مەرجێكی تر دەكات و دەڵێ، "هەروەها لۆجیكی نییە، هەرێم بە بۆرییەكان رێگە بە نەوت بدات، كەچی میلیشیاكانی سەر بە حەشدی شەعبی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر هەرێم ئەنجام بدەن، بۆ سەر ژێرخانی پاڵاوگە و كێڵگە گازییەكانی". بۆیە دووپاتی ئەوە دەكاتەوە، وەستانی هێرشەكان بۆ سەر هەرێم، لە پێشینەی ئەو مەرجانە دەبێت كە هەرێمی كوردستان دەیخاتە بەردەم بەغدا.