کۆشکی سپی: تا ئێستە 12 ملیار دۆلارمان بۆ جەنگی ئێران خەرج کردووە

:: PM:08:41:15/03/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 15ی ئاداری 2026، کێڤن هاسێت بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئابووری لە کۆشکی سپی، ئاشکرای کرد کە ئەمەریکا تا ئێستە 12 ملیار دۆلاری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران خەرج کردووە، کە پێی ناوەتە ڕۆژی 16ـەمیەوە.

هاسێت لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی "سی بی ئێس"ی ئەمەریکی ڕای گەیاند، تا ئێستە 12 ملیار دۆلارمان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران خەرج کردووە، و لە ئێستەدا ئەو پارەدارکردنەمان لەبەردەستە کە بۆ وەزارەتی جەنگ پێویستمانە.

ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش دا، گەورەترین کێشە لە ئێستەدا نرخی وزەیە و لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین." هاوکات دووپاتی کردەوە کە "پێویستمان بە چارەسەرکردنی دۆخی ئابووریی جیهان هەیە و بە خێرایی ئەو کارە دەکەین.

جێگەی باسە، لە 28ی شوباتی ڕابردوو، ئیسرائیل و ئەمەریکا هێرشێکی بەردەوامیان کردە سەر ئێران، کە بووە هۆی کوژرانی سەتان کەس کە لە ناویاندا عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران هەبوو. دواتر لە دووی ئاداری 2026، پانتایی جەنگەکە لە ڕووی هەرێمییەوە فراوان بوو و لوبنانیشی گرتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی حزبوڵا چووە ناو ململانێکانەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود