ئەمڕۆ یەکشەم 15ی ئاداری 2026، فەریق سەعد مەعن سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی تەناهیی عێراق، لەکارلادانی چەندان ئەفسەر و فەرماندەی تەناهیی ڕاگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کرایە ئامانج و بەهۆیەوە چەند کەسێک بریندار بوون.
سەعد مەعن لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و دەوروبەری ڕووبەڕووی هێرشێک بووەوە بە پێنج مووشەک، کە بووە هۆی برینداربوونی چوار لە فەرمانبەران و هێزە تەناهییەکانی فڕۆکەخانە، سەرباری ئەندازیارێک بە برینی جیاواز.
سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی تەناهی زیاتر ڕوونی کردەوە، شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان بەسەر ناو حەرەمی فڕۆکەخانە، وێستگەی پاککردنەوەی ئاو، نزیک بنکەی ئاسمانیی شەهید عەلا و گرتووخانەی ناوەندیی بەغدا (کەرخ) دابەش بوون. دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە، هێزە تەناهییەکان دەستیان بە گەڕان و پشکنینی ورد کرد و توانییان ئەو سەکۆیە بدۆزنەوە کە مووشەکەکانی لێوە ئاراستە کرابوو، کە لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا لە ناوچەی ڕەزوانییە لە ڕۆژئاوای پایتەخت شاردرابووەوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، لە سەر بنەمای ئەو هێرشە، فەرمان و ڕێنمایی دەرکرا بۆ لەکارلادانی فەرماندە و ئەفسەرانی هەواڵگری لەو ناوچەیە، لە کاتێکدا لایەنە پێوەندیدارەکان دەستیان بە گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکانیان کردووە، لەگەڵ توندکردنی ڕێکارە تەناهییەکان لە دەوروبەری ئەو ناوچانەی کرانە ئامانج.