پەرلەمانی عێراق تاوتوێی میکانیزمی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆڕیی جەیهان دەکات

:: PM:09:56:15/03/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 15ی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دا میوانداریی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق، لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەکانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی کەرتی نەوت بکات، بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆڕیی جەیهانی تورکی.

بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران، دانیشتنەکە ڕۆژی سێشەم سەعات نۆی شەو بەڕێوە دەچێت، هەروەها میوانداریی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لەخۆ دەگرێت.

بەیاننامەکە ڕوونی کردووەتەوە کە میواندارییەکە تەرخان دەکرێت بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی ئەو بۆڕییەی کە نەوت دەگوازێتەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی.

پێشتر، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی تۆمەتەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە سەبارەت بە پەککەوتنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، و دووپاتی کردەوە کە وەستانی هەناردەکردنەکە دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری تەکنیکی، تەناهی و ئابووری، و ئاماژەی بەوە دا کە بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزە لە هەرێم و وەستانی بەرهەمهێنان هۆکارن بۆ پەککەوتنی هەناردەکردن. هاوکات داوای لە بەغدا کرد کە بەپەلە گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن دەست پێ بکات.

ئەمڕۆ یەکشەم، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕای گەیاندبوو کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەرێمی کوردستان، داواکاریی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی لە ڕێگەی بۆڕیی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان ڕەت کردووەتەوە، کە مەبەست لێی قەرەبووکردنەوەی وەستانی هەناردەی کێڵگەکانی باشوورە.

وەزارەتی نەوت ڕوونی کردەوە کە بەغدا پێشنیازی کردووە ڕۆژانە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی بۆڕییەکەوە هەناردە بکرێت، سەرباری نەوتی کێڵگەکانی هەرێم، بەڵام داواکارییەکە ڕەت کراوەتەوە و مەرجی تریان خستووەتە ڕوو، هاوکات داوای کرد کە بەخێرایی هەناردەکردن دەست پێ بکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی زیانە داراییەکانی کە لە ئەنجامی وەستانی هەناردەکردنەکە دروست بوون.


وشە - پۆڵا مەحموود