لە سێیەم هەفتەی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هێرشە ئاسمانی و بۆردمانە مووشەكی و درۆنییەكانی هەردوولا بۆ یەكتر بەردەوامە، سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند كە شەپۆلێكی تری مووشەك و درۆنیان ئاراستەی ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو كردووە، سوپای ئیسرائیلیش دووپاتی كردەوە كە لە كرنەئامانجی تاران بەردەوامن.
ئەمڕۆ دووشەم
سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند كە شەپۆلێكی نوێی گورزی مووشەكی و ئاسمانیان راساتەی ئامانجە سەربازییەكانی ئیسرائیل و بنكەی عودەیدی سەربازی لە قەتەڕ كردووە، ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی لە بەیاننامەیەكی سوپای پاسدارانی گواستەوە، هێرشەكانی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی 56مین شەپۆلی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئێرانە بە ناوی "وەعدی سادق4"، كە تیایدا مووشەكی بالیستیی دوورمەودا و درۆنی بۆمبڕێژكراو بەكار هێنراوە.
زیاتر دەڵێت، شوێنە بۆردمانكراوەكان چەند ئامانجێكی ستراتیجیی ئیسرائیلی گرتەوە لەوانە بارەگەی فەرماندەیی پشتیوانی لە ناوچەی باشووری سوپای ئیسرائیل و ئەمباری مووشەكە ستراتیجییەكانی سەر بە كۆمپانیای "رافاییل" بۆ پیشەسازی بەرگری لە باكوری ئیسرائیل، هەروەها بنكەی عودەیدی ئاسمانیی ئەمەریكا لە قەتەڕ بۆردمان كراوە.
هاوكات بۆردمانە هاوبەشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران و شارەكانی ئێران بەردەوام بوو، كاتێك فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل دەیان ئامانجیان لە تاران و كەرەج و شیراز و تەبرێز بۆردمان كرد.