توێژەرێك: سووربوونێكی وڵاتانی ناوچەكە بۆ كەمبوونەوەی دەسەڵاتی ئێران هەیە

:: PM:07:46:16/03/2026 ‌

لە یەكەم هێرشی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی رابردوو، بەهۆی كوژرانی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران و پۆلێك لە فەرماندە باڵاكانی ئەو وڵاتە، تاران تا ئێستەش تووشی شۆك بووە، بەتایبەتی كە موجتەبا خامنەیی رابەری نوێ ئەویش لە هێرشەكە بریندار بووە و چارەنووسی دیار نییە، توێژەرێكی سیاسی پێی وایە لەو دۆخەی هەیە ئێران سەركەوتوو نابێت و ئەو رووبەڕووی ویستی وڵاتانی ناوچەكە بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵاتی بووەتەوە.

تاریق ئەبو زەینەب توێژەری سیاسیی لبنانی ئاماژە دەكات، تا ئێستە ناتوانرێت باسی سەركەوتنی ئێران بكرێت، تەنانەت ئەو شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی هەیە پووكاوەیی ستراتیجیەتی ئێران و بێتوانایی لە گەیشتن بە ئامانجەكانی لە ناوچەكە پێشان دەدات، تاران بۆ سەپاندنی هاوكێشەی بەرپەرچدانەوە پشت بە ئامراز و هاوپەیمانەكانی دەبەستێت، بەڵام رووبەڕووی سووربوونی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵاتی لە ناوچەكە و لاوازكردنی تۆڕ و توانا سەربازییەكەی دەبێتەوە.

ئەبو زەینەب ئاماژەی كرد، هێرشە بەردەوامەكانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی كەنداو و ئوردن و هەولێر، بەرجەستەی ستراتیجیەتی پەشۆكاویی تاران و هەوڵی بەردەوامی بۆ شێواندنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە دەكات، هێرشەكانی تەنیا لایەنی سەربازی ناگرێتەوە، بەڵكو زیان بە ملیۆنان هاووڵاتی و رەوەندی عەرەبی لەو ناوچانە دەگەیەنێت، بۆیە ئەوەی روو دەدات دەیسەلمێنێت كە توانای ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی سنووردارە بە بەراورد بەو رۆڵەی وڵاتانی كەنداو بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەرژەوەندییە ستراتیجییەكانیان دەیبینن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل