هاوكات لەگەڵ بەردەوامی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، شەڕێكی تر عێراقی گرتووەتەوە، كاتێك میلیشیاكانی نزیك لە ئێران دەستیان كردووە بە بۆردمانكردنی بنكە سەربازی و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەپێی سەرچاوەیەكی تەنای ئەمشەو بە درۆنێكی بۆمبڕێژكراو هێرش كرایە سەر بنكەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین.
سەرچاوەكە گوتی، لە كاتی هێرشەكە درۆنەكە راستەوخۆ نەتەقیوەتەوە، بۆیە لایەنی پێوەندیدار گەمارۆی ناوچەكیان داوە و دەستیان لبە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كردووە، بۆ زانینی شوێنی هاوێشتنی و ئەو لایەنەی بە كارەكە هەستاوە.
شایەنی باسە لە 10ی ئەم مانگە سەرچاوەیەكی تەناهی رای گەیاند كە بنكەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین بە درۆن هێرشی كراوەتە سەر و بەر لەوەش دەنگی تەقینەوە لە نزیك بنكەكە بیستراوە، كە هۆكارەكەی روون نەبووە، دوای ئەوە هێزە تەناهییەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە و كێوماڵكردنی ناوچەكە و پشكنین كردووە.
بنكەی ئاسمانی بەلەد كە پێشتر ناوی بنكەی ئاسمانیی بەكر بوو، یەكێكە لە گرنگترین بنكە سەربازییەكان لە عێراق و چەندان پۆل فڕۆكەی جەنگی هێزی ئاسمانیی عێراقی تیادایە، لەوانە ئێف16، جیا لە شوێنی مەشق و چاككردنەوەی فڕۆكەكان، كە لە بۆردمانكردنی پێگە و حەشارگەكانی داعش بەكار دەهێنرێت.