هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هەڵمەتێكی میلیشیاكان لە دژی بنكە و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستانی دەستی پێ كردووە، هێرشەكان دامەزراوە سەربازی و وزەی حكوومەتی عێراقیشی گرتووەتەوە، لە بەسرە بە درۆن هێرش كرایە سەر كێڵگەی نەوتی مەجنوون و لەبەغداش بۆ سەر ناوەندێك لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا.
سەرچاوەیەكی تەناهی لە بەسرە رای گەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم بە دوو درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرش كرایە سەر كێڵگەی نەوتی مەجنوون لەو پارێزگایە، كاتێك درۆنێك تاوەری پێوەندیكردنی لە كێڵگەكە و ئەوەی تر نووسینگەی كۆمپانیای " KBR "ی ئەمەریكی كردووەتە ئامانج، هێرشەكان زیانی گیانیان نەبووە.
شایەنی باسە كێڵگەی نەوتی مەجنوون لە بەسرە تا ئێستە چەند جارێك بە درۆن هێرشی كراوەتە سەر، لەگەڵ دەست پێكردنی گرژییەكانی ناوچەكە، كارمەند و كرێكارە بیانییەكان كێڵگەكەیان جێ هێشتووە و تەنیا كارمەندە عێراقییەكانی تیادا ماوە.
هاوكات هەر ئەمڕۆ دووشەم بە درۆن هێرش كرایە سەر ناوەندی پشتیوانی لۆجیستیی لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەڵەوتیی بەغدا، كە پێشتر بە سەربازگەی ڤیكتۆریا ناسراوە، بەڵام بەر لە گەیشتنی بۆ ناوەندەكە، درۆنەكە لە لایەن سیستمی بەرگرییەوە خراوەتە خوارەوە، ئەوەش چەندەمین هێرشی درۆنییە كە ناوەندەكە دەكاتە ئامانج.