لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتی سەربازیی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، میلیشیاكانی عێراق دەستیان كرد بە بۆردمانكردنی بنكەی سەربازی و نێردە دیپلۆماسییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و بەردەوامن، رۆژانە بە درۆن هێرش دەكەنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، ئەوەش وای كردووە ئەمەریكا ئەوان بكاتە ئامانج، ئەمڕۆ دووشەم كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی كوژرانی گەورە بەرپرسێكی راگەیاند.
ئەمڕۆ
كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی لە بەیاننامەیەك كوژرانی ئەبو عەلی عەسكەری بەرپرسی تەناهیی گرووپەكەی راگەیاند، بێ ئەوەی وردەكاریی زیاتر باس بكات، تەنیا ئەوەندەی گوت كە هەواڵی كوژرانی حاجی ئەبو عەلی عەسكەری رادەگەیەنین، كە شادەماری پێوەندیی نێوان گۆڕەپانی قوربانیدان و سەكۆی میدیایی بووە لە رێگەی لێدوانەكانی.
بەیاننامەكە ئەوەی دووپات كردەوە كە حاجی ئەبو موجاهید عەساف لە شوێنی ئەو دەبێتە بەرپرسی تەناهیی كەتیبیەكانی حزبوڵا، ئەمە و بەیاننامەكە باسی چۆنیەتی كوژرانی عەسكەری و شوێن و كاتی كوژرانی و ئەو لایەنەی كوشتوویەتی نەكردووە.
شایەنی باسە لە ماوەی دوایی چەند ئامانجێك لە بەغدا لە لایەن درۆن و فڕۆكەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل هێرشیان كرایە سەر، ئەو كات هاتە راگەیاندن كە یەكێك لەوان ئەبو حوسێن حەمیداوی ئەمینداری گشتیی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقییە.