شارەزایان: هێرشی میلیشیاكان گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و رەنگە لەناو بچن

:: PM:09:47:16/03/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ ئەو شەڕەی لە نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئێران هەیە، میلیشیاكانی نزیك لە ئێران شەڕەكەیان هێناوەتە ناو عێراق، ئەوان دەیانەوێت عێراق بە فەرمی ببێتە بەشێك لەو شەڕە كە رەنگە بە لەناوچوونی میلیشیاكان خۆیان كۆتایی بێت.

نزار حەیدەر شرۆڤەكاری سیاسی پێی وایە ئاماژەكان لە سەرەتای شەڕەكەوە دیاربوون كە ئەو میلیشیایانە دەیانەوێت عێراق لە شەڕەكە بگلێنن، ئەگەرچی دەستووری عێراق ئەوە قەدەغە دەكات، جیا لەوە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و پەرلەمان و هێزە سیاسییەكان و مەرجەعیەتی باڵا هەر هەموویان لەسەر رێگرتن لە چوونی عێراق بۆ ناو شەڕەكە كۆكن، چونكە مەترسیی گەورەی تیادایە.

روونی كردەوە، عێراق لەو دۆسیەدا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە جیاوازە، چونكە هێشتا بە دەست كەموكوڕی لە سەروەرییەكەی لە رووەكانی سەربازی و تەناهی و سیاسی و دارایی و ئابوورییەوە دەناڵێنێت، مەترسییەكەش لەوەدایە هەندێك لە میلیشیاكان ئەمەریكا و ئیسرائیل ناكەنە ئامانج، بەڵكو خاكی عێراق بۆردمان دەكەن، واتە عێراق خۆی بۆردمان دەكات. 

حەیدەر دووپاتی كردەوە كە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان هێرشی میلیشیاكانی وەك كاری تیرۆریستی وەسف كرد و ئەوەش واتە دادگای عێراق بەپێی مادەی چوار لە یاسای نەهێشتنی تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵ دەكات، ئاماژەی كرد كە پەرەسەندنەكان، واتە هێرشی سەر بارەگەی میلیشیاكان و كوشتنی بەرپرسانی لە لایەن ئەمەریكا، مانای وایە عێراق گڵۆپی سەوزی بۆ ئەمەریكا هەڵ كردووە بۆ كردنەئامانجیان، كە رەنگە كارەكە بە هێرشی سنووردار نەوەستێت و بگاتە ئاستی لەناوبردنی تەواوەتییان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل