هێرش دەكرێتە سەر دەوروبەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا

:: PM:10:10:16/03/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، میلیشیا شیعەكان بنكە سەربازی و نێردە دیپلۆماسییەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەكەنە ئامانج، تا ئێستە چەندان جار هێرش كراوەتە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا و كونسوڵگەكەی لە بەغدا و هەولێر، ئەمشەو جارێكی تر دەوروبەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كرایە ئامانج.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم سەرچاوەیەكی تەناهی رای گەیاند كە بە درۆن هێرش كراوەتە سەر دەوروبەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق، هەر ئەمڕۆ بە درۆن هێرش كرایە سەر ناوەندی پاڵپشتیی دیپلۆماسی لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا. 

لە لایەكی تر هەر ئەمشەو باڵوێزخانەی ئەمەریكا داوای لە هاووڵاتییانی ئەمەریكی لە عێراق كرد وریای خۆیان بن لە ئەگەری كردنەئامانج و رفاندنیان، داوای لێ كردن روو لە باڵوێزخانەكە نەكەن، چونكە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران هانی هێرشكردن دەدەن و هێرشیشیان لە دژی هاووڵاتییانی ئەمەریكی لە عێراق ئەنجام داوە، بۆیە پێویستە هاوولاتییانی ئەمەریكا بەپەلە ئەو وڵاتە جێبێڵن.

ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاشكرای كرد كە لە سەرەتای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی دژ بە ئێران تا ئێستە دەیان هەزار هاووڵاتیی ئەمەریكی ناوچەكەیان جێ هێشتووە، تۆڕی "فۆكس نیوز" لە بەرپرسانی وەزارەتەكەی گواستەوە كە تا ئێستە زیاتر لە 61 هەزار هاووڵاتیی ئەمەریكی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان جێ هێشتووە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل