ئەمڕۆ جارێكی تر هێرش كرایە سەر چەند بنكە و بارەگەیەكی هەردوو لیوای 18 و 19ی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار، هێرشەكە بووە هۆی كوژران و برینداربوونی ژمارەیەك كارمەندی ئەو دوو لیوایەی حەشد، گوتەبێژ بەناوی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عێراق سەركۆنەی كوژران و برینداربوونی ئەو ژمارە چەكدارەی حەشدی كرد و بە هێرشێكی ترسنۆكانەی وەسف كرد.
ئێستە حكوومەتی عێراق لە دۆخێكی شەرمەزار و شلۆقدایە لە نێوان ئەمەریكا و ئێران، میلیشیا شیعەكان رای دەكێشن بۆ ناو شەڕ و پاڵپشتیكردنی ئێران، ئەمەریكاش وریای دەكاتەوە و داوای لێ دەكات هەڵوێست بەرانبەر بە میلیشیاكان وەربگرێت، لەو ناوەدا سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق سەركۆنەی هێرشەكانی سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و لیواكانی حەشدی شەعبی دەكات.
ئێوارەی ئەمڕۆ
سەباح نوعمان گوتەبێژ بەناوی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە بەیاننامەیەك سەركۆنەی هێرشەكەی سەر حەشدی شەعبی لە ئەنبار كرد و بە هێرشێكی ستەمكارانە و ترسنۆكانەی وەسف كرد، كاتێك بازگەیەكی سەر بە حەشدی شەعبی لە شارۆكەی قائیم لە پارێزگای ئەنبار كردە ئامانج، جیا لە چەند بارەگەیەكی تر و بووە هۆی كوژرانی هەشت كارمەندی حەشد و برینداربوونی حەوتی تر، كاتێك لە بەجێگەیاندنی ئەركی فەرمیی خۆیان بوون.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان دووپاتی كردەوە كە ئەو هێرشانە و كردنەئامانجی هێزە تەناهییەكانی حەشدی شەعبی رەت دەكەنەوە، دووپاتی كردەوە، هێرشەكان كردنەئامانجی هێزێكی فەرمییە كە بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان هەڵسوكەوت دەكەن و قوربانیان داوە، بۆیە ئەو هێرشانە پێشێلكاری زەقن بۆ سەروەری دەوڵەت.