سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: ئێمە سووریا نین سەرۆکەکەمان وڵات جێبهێڵێت

:: PM:11:04:16/03/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 16ی ئاداری 2026، لە کاتێکدا جەنگی ئیسرائیل و ئەمەریکا دژی ئێران پێی ناوەتە 17یەمین ڕۆژییەوە، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، پەیامێکی توندی ئاراستەی نەیارانی وڵاتەکەی کرد و دووپاتی کردەوە کە "ئێران سووریا نییە تا سەرۆکەکەی، وڵات بەجێبهێڵێت."

لە درێژەی لێدوانەکانیدا کە وەک پەیامێک بوو بۆ ڕەتکردنەوەی هەر پاشەکشەیەک، قالیباف ڕای گەیاند کە تاران لە بەرانبەر هیچ گوشار و هێرشێکدا کۆڵ نادات، هەروەها گوتی "ئێمە ڤەنزوێلاش نین تا تەسلیمی هێز و گوشارەکان ببین."

سەبارەت بە ڕێگریکردن لە بەردەوامیی جەنگەکە، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕوونی کردەوە کە پێویستە وا لە دوژمن بکەن لە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر ئێران پەشیمان بێتەوە. ئاماژەی بەوەش دا، "تاکە زامنی ئێمە بۆ ئەوەی دوژمن بۆ جاری سێیەم هێرشمان نەکاتە سەر ئەوەیە، کە لەم دەستدرێژییە پەشیمانی بکەینەوە، بۆ ئەوەی جارێکی تر تەنانەت حەز و بیری هێرشکردنە سەر ئێرانیش نەکاتەوە."

لە کۆتایی قسەکانیدا، قالیباف دووپاتی کردەوە کە ئێران بە پشتبەستن بە "هێزی خودایی" بەرگری لە سەروەریی خۆی دەکات، و لەڕووی هێز و ورەوە تەواو پشت‌ئەستوورن، چونکە "وڵاتێک پشتی بە یارمەتی و پشتیوانیی خودا قایم بێت، هەرگیز ناتوانرێت تێک بشکێنرێت."


وشە - پۆڵا مەحموود