بەغدا ڕۆژانە 350 ملیۆن دۆلار لە دەست دەدا و هێزی مانەوەی عێراق بە دەستی هەرێمەوەیە

:: AM:10:59:17/03/2026 ‌

ماڵپەڕێكی بواری نەوت و گاز، بابەتێكی سیمۆن واتكینزی نووسەر و شرۆڤەكانی ئابووری و بواری نەوتی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ڕوونی كردووەتەوە، هێز ئێستە لە دەسەڵاتی هەرێمە و بەغدایش لە پێگەیەكی لاوازەوە داوای هاوكاری بۆ هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا.

لە چەندان ساڵی ڕابردوو ئێران بە پشتیوانی یارمەتیدەرانی كە بریتین لە چین و ڕووسیا، فشارێكی قورس و گەورەیان لەسەر عێراق دروست كردبوو، تا دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری و هەرێمی لە عێراق هەڵبوەشێنێتەوە و وەك پارێزگایەكی ئاسایی لە ناو دەوڵەتی عێراق مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكات، دوای ئەمەیش تەواوی عێراق دەبێتە ناوەندی هەژموونی پەكین و مۆسكۆ لە ناوچەكە.

بەرپرسێكی باڵای كەرتی وزە كە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی ئێران پێوەندی تۆكمەی هەیە و دەڵێ، بە دوورخستنەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە گرێبەستەكانی نەوت، ئەمە دەبێتە كۆتایی هەژموونی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە بەرانبەر ئەو هەوڵەی ئێران و چین و ڕووسیا بۆ ئەوەی كوردستان بخەنە سەر ئەژنۆ، ئەمەریكایش پشتیوانیی كوردی دەكرد تا پێوەندییەكانی لەگەڵ كۆمپانیاكانی چینی و ڕووسی و ئێرانی بپچڕێنێت كە سەرجەمی ئەو كۆمپایایانە پێوەست بوون بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، جیا لەوەیش ئەمەریكا و ئیسرائیل پێویستیان بەوەیە كە هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە وەك بنكەیەكی چاودێری ئۆپراسیۆنەكان لە دژی ئێران بمێنێتەوە، ئەمەیش وایكردووە كوردستان ببێت بە یەكێك لە ناوەندە ستراتیجی و گرنگەكانی واشنتن و تەلئەبیب لە ناوچەكەدا.

چەند ساڵێكە لەگەڵ بەردەوامیی ئەو هاندان و فشارەی تاران، بەغدا مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان رەوانە ناكات و بەردەوام بیانوو بە هەولێر دەگرێت، لە كاتێكدا هۆكارە ڕاستەقینەكە ڕوون و دیارە و نە پێوەندیی بە ناردنی بودجەی ناوخۆیی و مەرج و ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە هەیە، بەڵكو ئەمانە بەهۆی فشارە زۆرەكانی ئێران و چین و ڕووسیاوەن كە تا ئێستەیش بەردەوامییان هەیە.

جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران و داخستنی گەرووی هورمز، سیحرەكەی بەسەر ساحیر تاقی كردووەتەوە، چەند ساڵە بەغدا بە بێ ئەندازە كار  بۆ كەمكردنەوەی هەژموون و دەسەڵاتی كوردستان لە ناوچەكە تا بە تەواوی خۆی ڕادەستی بەغدا بكاتەوە دەكات. بەڵام ئێستە بەغدا خۆی پێویستی بە هەرێمی كوردستانە و تاكە دەرچەی گەیاندنی نەوتە بە بەندەری جەیهانی توركیا لە سنووری هەرێمی كوردستانە، ئێستەیش كە بەغدا كەوتووەتەوە ژێر دەستی هەرێم و هەرێمیش مەرجی هەیە و دەیەوێ تۆڵەی ئەو هەموو ساڵە بكاتەوه، كە بەغدا بە ناحەق مافی هەرێمی كوردستانی دەخوارد.

مانگی ڕابردوو گەرووی هورمز كە ڕێگەی سەرەكی هەناردەكردنی نەوتی كەنداوە بۆ دنیا، بە تەواوی داخرا، لە كاتێكدا 90% داهاتی عێراق كە لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەكەوێت، پێشتر عێراق ڕۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی دەناردە دەرەوە، ئێستە كە نرخی نەوت لە سەرووی 100 دۆلارەوەیە و ئەگەر ئێمە خەمڵاندن بە 100 دۆلار بكەین، ڕۆژانە عێراق 350 ملیۆن دۆلاری لە ماوەی 17 ڕۆژی شەڕیش كە دەكاتە 59 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار لە دەستی چووە و بەرمیلێك نەوتی ڕەوانە نەكردووە.

ئێستە كە لە باشوورەوە ناتوانرێ نەوت هەناردە بكرێت، تاكە ڕێگەی ئامادەكراو بەكارهێنانی بۆڕیی نەوتی هەرێمی كوردستانە بۆ گەیشتن بە بەندەری جەیهانی توركیا و فرۆشتنەوەی نەوتەكەی، ئەمە لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی كوردستانەوە دەبێت، بە تەواوی لە ژێر كۆنترۆڵی هەولێریشە لە دیوی عێراقەوە.

هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوو بۆڕیی نەوتی كوردستان بۆ توركیا و كاری پێ دەكرا و نەوتی كوردستانی پێ هەناردە دەكرا، بەڵام توركیا لە دادگای باڵای نێودەوڵەتی دژی ئەو بڕیارە وەستایەوە و دادگا هەناردەی نەوتی كوردستانی بە نایاسایی هەژمار كرد. لە كاتێكدا ئەو بۆڕییە نەوتەیش بووبوو بە سەرچاوەی ململانێی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە ناوچەكە و نەهێشتنی ئارامی و ئاسایشی ئابووری هەرێمەكە، بەڵام بە گرتنەوەی بۆڕییەكە، شادەماری ژیانی كوردستان پەكی كەوت.

ئێستە كە دۆخەكە بە تەواوی گۆڕاوە و تەنیا لە ڕێگەی توركیاوە دەتوانرێ نەوت هەناردە بكرێت، حكوومەتی ناوەند بە پەلە داوا دەكات هەرێمی كوردستان ڕێگە بدات كە 200 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە رێگەی بۆڕی نەوتی كەركووك بۆ بەندەری جیهان بكات، بەهۆی ئەوەی كوردستان مەرجی بۆ بەغدا داناوە لە بەرانبەر هەناردەكردنی ئەو بڕە نەوتە.

بەغدا لە هەموو كات زیاتر پێوەستە بە كوردستانەوە، بۆیە كوردستان مەرجی قورس و زۆر دەسەپێنێتە سەر بەغدا، دیارترینیان پێدانەوەی 35 ملیار دۆلارە كە بەغدا بەهۆی وەستاندنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە قەرزاری كوردستانە، هەروەها پشكی كوردستانی لە بودجەی فیدراڵی بۆ 23.3 تریلیۆن دینارە، لە كاتێكدا بەگوێرەی دەستوور  و یاسا پشكی هەرێم دەكاتە 44.4 تریلیۆن دینار، هاوكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە ملیارێك دۆلاری ترە تا وەك پاداشتی كاركردن بە كۆمپانیاكانی نەوتی بدات. ئەگەر بەغدایش بە مەرجەكانی ڕازی نەبێت، ئەوا كوردستان دووبارە خۆی ڕاستەوخۆ نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات و دەست بە فراوانكردنی كێڵگەكانی نەوت دەكات و هەنگاو بۆ ئابووری سەربەخۆی خۆی دەنێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د