سوپای ئیسرائیل: هاووڵاتییانی عێراق و یەمەن داوامان لێ دەکەن وڵاتەکانیان نەبنە ئامانج

:: PM:07:14:17/03/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 17ی ئاداری 2026، ئەڤیخای ئەدرەعی گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عەرەبی، بانگەشەی ئەوەی کرد کە نامە و پەیامی لە "هاووڵاتییانی عێراق و یەمەن"ـەوە پێ گەیشتووە و داوا دەکەن هەردوو وڵات لەو چارەنووسە بەدوور بگیرێن کە ئێستە ئێران تێیدا دەژی.

ئەدرەعی لە پۆستێکدا لە سەکۆی "ئێکس" لەژێر ناونیشانی پەیامێک بۆ هاووڵاتییانی عێراق و یەمەن نووسیویەتی، لەو بارودۆخە سەختە تێدەگەم کە تێیدا دەژین، لەژێر ئەو بارودۆخە قورسەی کە ئەو میلیشیایانەی لە وڵاتەکانتان کار دەکەن بۆیان دروست کردوون، کە بۆ چەندان ساڵە وەک بووکەڵەیەک بەدەست ڕژێمی ئێرانەوەن.

ئەو گوتەبێژە لە درێژەی قسەکانیدا ئیدیعای ئەوەی کردووە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا پەیامێکی زۆرم لەو هاووڵاتییانەوە پێ گەیشتووە کە هەست بە نیگەرانی دەکەن بەرانبەر بە داهاتوویەکی نادیار. هەندێکتان زانیاریم پێ دەدەن لەسەر ئەو چالاکییە تیرۆریستییانەی میلیشیاکان ئەنجامی دەدەن، کە ئەو چالاکییانە زیان بە ئاسایشتان دەگەیەنن و خۆشەویستان و وڵاتەکەتان دەخەنە مەترسییەوە.

لە کۆتاییدا ئەدرەعی ئاماژەی بەوە داوە، زۆرێکتان داوام لێ دەکەن پێوەندی بە لایەنە ئیسرائیلییەکانەوە بکەم تا وڵاتەکەتان نەکەوێتە ناو دۆخێکی هاوشێوەی ئەوەی ئێران تێیدا دەژی، بەڵام من ناونیشانی گونجاو نیم بۆ ئەم جۆرە داواکارییانە.


وشە - پۆڵا مەحموود