چاودێرێكی سیاسی: حكوومەتی عێراق بێ دەسەڵاتە و حیسابی بۆ ناكرێ‌

:: PM:07:23:17/03/2026 ‌
چاودێرێكی سیاسی دەڵێ، حكوومەتی عێراق بێدەسەڵاتە و گرووپە چەكدارەكان هیچ ئەرزشێكی بۆ دانانێن، پارە و چەكی لێوەردەگرن، ڕێنوێنی بۆ كارە تیرۆریستییەكانیان لە دەوڵەتانی تر وەردەگرن.

د. محەمەد عەلی چاودێری سیاسی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو ئارامی و ئاوەدانییەی لە كوردستان بوونی هەیە، گرووپە تیرۆریستییە لە یاسا دەرچووەكان بە دوژمنی خۆیانی دەزانن، حكوومەتی هەرێم سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە، لایەنی عەرەبیی بەغدا ناتوانن ئاوەدانی و ئارامی بۆ خەڵك و شارەكانی خۆیان دەستەبەر بكەن، بە هێرشەكانیان دەیانەوێت شارەكانی كوردستان بگەڕێننەوە بۆ دواوە وەك ناوچەكانی خۆیان.

ئەو گوتی، هەموو بەرنامەی نەیاران خەونە، خەڵكی كوردستان لە پشتی حكوومەت و سەركردایەتیی سیاسیی خۆیان ڕادەوەستن، دەسەڵاتداران لە عێراق خەڵك و وڵاتی خۆیان خۆشناوێت.

ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان زۆر حەكیمانە بڕیارەكان دەدات، لەو كردە تیرۆریستییانەی لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەكانی حەشد دژ بە كوردستان، دەیانەوێت بڵێن كورد دژی ئێرانە و پاڵپشتی لە ئەمەریكا دەكات، بۆیە دەوڵەتان سەرسامن بەو سیاسەتەی سەرۆك بارزانی.

"حكوومەتی عێراق دەسەڵاتی نییە، بە پارە و چەكی حكوومەتی عێراقی بەشێك لە شارەكانی كوردستان بۆردمان دەكرێن، پێمان دەڵێ ئەم حكوومەتە بێ هێز و بێ دەسەڵاتە، بۆیە تەنیا پەیامی شەرمنانە نەبێت هیچی پێ ناكرێت". د. محەمەد عەلی وای گوت.

جێی ئاماژەیە كە هەر ئەمڕۆ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاند، كە بەشێك لەوانەی هێرش دەكەنە سەر هەولێر، مووچەخۆری حكوومەتی عێراقن و داوایشی كرد كە رێ‌ لەو گرووپانە بگیرێ‌.

هەڵەبجە/ عەزیز هەورامی


وشە - وشه‌