هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران بەردەوامە و لە چوارەم هەفتە نزیك دەبێتەوە، دوێنێ هەڵمەتە سەربازییەكە پەرەسەندنی مەترسیداری بەخۆیەوە بینی، كاتێك ئیسرائیل كێڵگەی غازی پارسی لە باشووری ئێران كردە ئامانج و ئەوەش وای كرد ئێران چەند وێستگەیەكی نەوت و غاز لە وڵاتانی ناوچەكە بۆردمان بكات، ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئێران وریایی لە دووبارەكردنەوەی كردنەئامانجی ژێرخانی وڵاتەكەی دا.
ئەمڕۆ پێنجشەم
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، لە وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی وڵاتەكەمان، هێشتا بەشێكی كەمی هێزمان بەكار هێناوە، تاكە هۆكار بۆ ددان بەخۆداگرتنمان، رێزگرتنە لە داواكاریی وەستانی پەرەسەندن، بۆیە ئەگەر جارێكی تر هێرش بكرێتە سەر ژێرخانی وڵاتەكەمان، بەهیچ شێوەیەك ددان بەخۆماندا ناگرین، دووپاتی كردەوە كە هەر كۆتاهاتنێكی شەڕەكە دەبێت زیانەكانی بە شوێنە مەدەنییەكانی ئێران كەوتووە، چارەسەر بكرێت.
دوێنێ میدیاكانی ئێران دووپاتیان كردەوە كە بەشێكی كێڵگەی غازی پارس لە باشووری ئێران و چەند دامەزراوەیەكی تری نەوت بوونەتە ئامانجی هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل، تەلەڤزیۆنی ئێران گوتی، دامەزراوەی پترۆكیمیایی لە كێڵگەی غازی پارس لە باشووری ئێران رووبەڕووی هێرشی ئاسمانیی ئەمەریكا و ئیسرائیل بووەتەوە، كاتێك چەند بەشێكی كێڵگەكە لەگەڵ دامەزراوەی تری نەوتی لە ناوچەی عەسلەویە لە باشوور هێرشیان كراوەتە سەر.
لە دوای هێرشەكە سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند كە هێرش دەكەنە سەر سعوودیە و ئیمارات و قەتەر، لەوانە هێرش دەكەنە سەر، پاڵاوگەی سامرف و كۆمەڵگەی جوبێلی پترۆكیمیایی لە سعوودیە، كۆمەڵگەی مسێعیدی پترۆكیمیایی و كۆمپانیای مسێعید سەر بە كۆمپانیای شیڤرۆن و پاڵاوگەی رەئس لەفان لە قەتەر و كێڵگەی غازی حوسن لە ئیمارات.