لە ماوەی چەند هەفتەی دوایی لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران دەستیان كرد بە بۆردمانكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، لەوانە باڵوێزخانەی لە بەغدا و كونسوڵگەكەی لە هەولێر، زیاتر لەوە هوتێل رەشیدیان لە بەغدا كردە ئامانج، كە شوێنی مانەوەی بیانییەكانە، هەموو ئەوانە مەترسیی رۆیشتنی نێردە دیپلۆماسییەكانیان دروست كرد، بۆیە حكوومەتی عێراق دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ میلیشیاكان كردووە بۆ وەستانی هێرشەكانیان.
بەپێی سەرچاوەیەكی عێراقی لە دوو رۆژی رابردوو زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە لە ناوچەی سەوز لە بەغدا لە نێوان نوێنەری میلیشیاكان و لایەنێكی سیاسیی عێراقی كراوە و گەیشتوونەتە رەشنووسی رێككەوتنێك بۆ وەستانی هێرشەكانی سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا، رێككەوتنەكە بە ئەمەریكییەكان راگەیەندراوە، تیایدا كەتیبەكانی حزبوڵا چەند مەرجێكی دیاری كردووە، بەپێی سەرچاوەكە سەركەوتنی رێككەوتنەكە دەوەستێتە سەر وەڵامی ئەمەریكا و رازیبوونی.
بەپێی سەرچاوەكە كۆبوونەوەكان بەردەوامن، سەرچاوەیەكی تر دەڵێت، هەریەك لە فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی رۆڵیان لەو دیدار و كۆبوونەوانە هەیە، هەوڵەكان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی و وەستانی هێرشی میلیشیاكان، ئەگەر سەر بگرێت پەرەسەندنەكان لە عێراق كەم دەبنەوە.
شایەنی باسە هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەكانی سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا، ئەمەریكا راستەوخۆ كەوتە كردنەئامانجی بنكە و بارەگەی میلیشیاكان و سەركردەكانیان لە چەند ناوچەیەكی عێراق، جیا لەوە گوشاری خستە سەر عێراق بۆ وەستانی هێرشەكان، لە ماوەی دواییش چەند نێردەیەكی دیپلۆماسی وڵاتانی لە بەغدا كشانەوە، ئەوانە هەموو بەرپرسانی عێراق و میلیشیاكانیان ناچار كرد بۆ پاراستنی ناوبانگی عێراق و گیانی خۆیان، رێگەیەك بۆ وەستانی هێرشەكانی ئەمەریكا بدۆزنەوە، لە رێگەی رێككەوتن و وەستانی هێرشی سەر باڵوێزخانەكەی.