بارەگەیەكی حەشدی شەعبی لە مووسڵ كرایە ئامانج

:: PM:06:55:19/03/2026 ‌

هەڵمەتە سەربازییە هاوبەشەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران لە چوارەم هەفتەی نزیك دەبێتەوە و بەردەوامە، لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتەكە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران دەستیان كرد بە بۆردمانكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەو هۆیەوە رۆژانە بنكە و بارەگەی ئەو میلیشیایانە دەكرێنە ئامانج، ئەمڕۆ لە مووسڵ بارەگەیەكی حەشدی شەعبی كرایە ئامانج.

پارێزگای نەینەوا یەكێك بووە لەو شوێنانەی بە بەردەوام بۆردمان كراوە، ئەوەش بەهۆی بوونی چەند لیوایەكی حەشدی شەعبی كە دەستیان لە بۆردمانكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا هەیە، وەك بابلیوون و شەبەك و هیتریش، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژەی كرد بارەگەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی دارستانەكان لە باكوری مووسڵ بۆردمان كرا.

روونی كردەوە، بەر لە هێرشەكە فڕۆكەیەكی جەنگی بە ئاسمانی ناوچەكە سووڕاوەتەوە و دواتر بارەگەكە كراوەتە ئامانج، بەڵام تا ئێستە قەبارەی زیانە گیانییەكان دیار نین.

شایەنی باسە دوێنێ چوارشەم دەنگی چەند تەقینەوەیەك لە كەركووك هات، كاتێك چەند بارەگەیەكی لیواكانی عەسائیب ئەهلولحەق و رێكخراوی بەدر لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكاوە بۆردمان كران، بەو هۆیەوە چوار كارمەندی عەسائیب بریندار بوون، هاوكات هەر دوێنێ بنكەی ئاسمانیی كەركووك لە لایەن میلیشیاكانەوە بۆردمان كرا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل