هاوكات لەگەڵ بەردەوامی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، شەڕ و بۆردمانی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران و ئەمەریكا لە عێراق بەردەوامە، ئەمەریكا لە وەڵامی هێرشەكانی سەر باڵوێزخانە و بەرژەوەندییەكانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، رۆژانە بنكە و بارەگەی میلیشیاكان دەكاتە ئامانج، ئەمڕۆ بارەگەی لیوای 12ی سەر بە بزاوی نوجەبا لە دەوروبەری بەغدا رووبەڕووی بۆردمان بووەوە.
دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەم بارەگەی میحوەرێكی لیوای 12ی فەرماندەیی كەرتی ئۆپراسیۆنەكانی پشتێنەی بەغدای حەشدی شەعبی كرایە ئامانجی هێرشێكی ئاسمانیی ئیسرائیل و ئەمەریكا، هێرشەكە لە میحوەری تارمییە لە ناوچەی ئەلبوبەحر بووە و تەنیا زیانی مایەكی لێ كەوتووەتەوە.
شایەنی باسە هەر ئەمڕۆ بارەكەی لیوای 63ی حەشدی شەعبی لە دەوروبەری شارۆكەی خورماتوو لە رۆژهەڵاتی پارێزكای سەڵاحەدین دووجار كرایە ئامانج، هێرشەكە لە رێگەی فڕۆكە بووە تا ئێستە زیانەكان دیار نین.
ئەمڕۆ پێنجشەم هادی عامری ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و تیایدا باسی بۆردمانەكانی سەر حەشدی شەعبی كرد و رای گەیاند كە بەهۆی هێرشی ئاسمانیی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر بارەگەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق، زیاتر لە 160 قوربانیان هەیە.
عامری بەتوندی سەركۆنەی ئەو هێرشانەی كرد كە ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر بارەگە و كەرتەكانی حەشدی شەعبی ئەنجامی دەدەن و داوای لە پەرلەمان و حكوومەتی عێراق كرد، بەتایبەتی وەزیری دەرەوەی عێراق، بۆ جووڵانەوەی بەپەلە و رژد بۆ دانانی سنوورێك بۆ ئەو هێرشانە كە تا ئێستە 60 كوژراو و 100 برینداریان لێ كەوتووەتەوە.