ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕای گەیاند کە داوای لە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە جارێکی تر کێڵگە نەوتییەکانی ئێران نەکەنە ئامانج، و دووپاتی کردەوە کە پێویستە لە کاتی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکاندا خۆیان لە لێدانی ئەم کەرتە هەستیارە بپارێزن.
ترەمپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونی کردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران بەدەست هێناوە. ئاماژەی بەوەش دا کە لە خشتەی کاتیی دیاریکراو تێپەڕیوین و ڕێژەیەکی گەورەی ئامانجەکان لە ماوەیەکی کورتدا جێبەجێ کراون.
هەروەها ترەمپ دووپاتی کردەوە کە ئێران هەڕەشەیەکی ڕژدە بۆ سەر ناوچەکە و جیهان و گوتیشی کۆتاییهاتنی جەنگ وا دەکات جیهان ئارامتر بێت.
ئاماژەی بەوەش دا کە هێزەکانی ئەمەریکا سەرکەوتوو بوون لە بەئامانجگرتنی سەرکردە سەربازییەکان و لاوازکردنی توانا دەریاییەکان و بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران.
باسی لەوەش کرد کە فڕۆکەکانی ئەمەریکا بە ئازادی و بێ هیچ کۆسپێک لە ناو ئاسمانی ئێراندا کار دەکەن، و پێی وایە کە تاران ئێستە هەوڵ دەدات سەرکردایەتییەکەی ڕێک بخاتەوە.
ترەمپ دووبارە ئێرانی بە چاندنی مین لە ناو گەرووی هورمز تۆمەتبار کردەوە، و دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی لە پێناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەرگری لە گەرووەکە دەکات، سەرەڕای ئەوەی کەمترین سوودی لێ دەبینێت. هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە هەڵوێستی وڵاتانی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەم دۆسیەیەدا بەرەو باشبوون دەچێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە خێرایی بەڕێوە دەچن، و وڵاتەکەی بەردەوامە لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی.