هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، میلیشیاكانی نزیك لە ئێران هەوڵ دەدەن عێراق رابكێشنە ناو شەڕەكە و حكوومەتی عێراق لەو شەڕە تێوە بگلێنن، شارەزایەكی بواری تەناهی ئاماژە دەكات لە حاڵەتی پەرەسەندنی زیاتری دۆخەكە عێراق لەبەردەم دوو بژارەدایە، یان دەبێتە بەشێك لە هێوركردنەوە یان بەشێك لە پەرەسەندن و شەڕ.
موجاهید سمێدعی شارەزای بواری تەناهی پێی وایە عێراق بەهۆی شوێنە جوگرافییەكەی و سروشتی هاوسەنگییە سیاسی و تەناهییەكانی وایان كردووە بكەوێتە نێوان دوو بژارەوە، دەبێتە بەشێك لە هێوركردنەوە یان بەشێك لە پەرەسەندن و هەڕەشە، عێراق دەیتوانی لە شەڕ دوور بكەوێتەوە، بەڵام بەشداریكردنی بەشێك لە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران لە شەڕ و كردنەئامانجی باڵوێزخانەی ئەمەریكا و بنكە سەربازییەكانی، عێراقیان خستە ناوەندی دۆخەكەوە.
روونی كردەوە، ئەو پەرەسەندن و دۆخە سەرەڕای هەڵوێستی فەرمیی حكوومەتی عێراق دروست بووە بە رەتكردنەوەی چوونی عێراق بۆ ناو ململانێ و شەڕ لە ناوچەكە، بۆیە بەردەوامبوونی هێرشی میلیشیاكان عێراق دەكەنە بەشێكی راستەوخۆ لەهەر پەرەسەندنێكی زیاتر و چاوەڕوانكراو، هەر پەرەسەندنێكی زیاتریش واتە هێرشی زیاتری ئەمەریكا بۆ سەر سەركردەی میلیشیاكان و بارەگەكانیان، لەگەڵ بارەگەكانی حەشدی شەعبی و لە ماوەی رابردووش ئەو هێرشانە بە كردەنی دەستی پێ كردووە.
ئەو شارەزایە وریایی دا بەوەی هەر پەرەسەندنێكی زیاتری شەڕ لە ناوچەكە هێرشەكان زیاتر و وردتر دەبن، ئەوەش توانای حكوومەتی عێراق بۆ سەپاندنی هەڵوێستی رێگرتن لە چوونی عێراق بۆ ناو شەڕ لاواز دەكات و ئەگەری بوونی عێراق بە گۆڕەپانێكی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی كراوە زیاتر دەكات.