بەهۆی بۆردمانەكانی شەوی رابردووی ئیسرائیلەوە بەرپرسی پۆلیسی تاران كوژرا، میدیای فەرمی ئێرانیش پشتڕاستیان كردەوە.
شەوی رابردوو بۆردمانێكی قورسی تاران كراوە، هاوكات بۆردمانی ئەسفەهان و چەندان شاری تری ئێران كراوە، تا بەرەبەیانی ئەمرۆ شەموو 21ی ئادار، بۆردمانەكانی سەر شارەكانی ئێران بەردەوام بوون.
ئیسرائیل رای گەیاند، بەهۆی هێرشەكانی شەوی رابردوو چەندان شوێنی ئەو وڵاتەیان خاپوور كردووە و ئامانجگەلێكی جیاوازیان پێكاوە.
ئیسرائیل ئەوەشی راگەیاند، بەو هۆیەوە ئەحمەد رەزا رادان فەرماندەی پۆلیسی تاران بەهۆی بۆردمانەكانەوە كوژراوە.
ئەحمەد رەزا فەرماندەی پۆلیسی تاران بەردەوام هەڕەشەی لە خەڵك دەكرد لە ماڵەكانیان بمێننەوە. دەشی گوت، ئەوەی خۆپێشاندان بكات راستەوخۆ دەیكوژین.
میدیای فەرمی ئێران رای گەیاند، بەهۆی بۆردمانەكانی شەوی رابردوو تا بەرەبەیانی ئەمرۆ، زیانی زۆر بەر خەڵكی سڤیل كەوتووە و چەندان باڵەخانە كراونەتە ئامانج، لە ناویاندا ئەو باڵەخانەیەی کە فەرماندەی پۆلیسی تارانی تێدابووە.