وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پەیامێكی توندی ئاراستەی تاران كرد و رای گەیاند، لەم هەفتەیەوە قۆناخێكی نوێ و توندتری هێرشە سەربازییەكانیان بۆ سەر ئێران دەست پێ دەكات.
یسرائیل كاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشكرای كرد، سوپای وڵاتەكەی بە هاوئاهەنگى لەگەڵ هێزەكانی ئەمەریكا، ئاستی هێرشەكانیان بۆ سەر ڕژێمى ئێران و ژێرخانە ستراتیجییەكانی ئەو وڵاتە بەرز دەكەنەوە.
كاتز گوتی: "ئێمە ئامادەین لەسەر بەردەوامبوون لە سەركردایەتیكردنی هێرشەكان بۆ سەر ئێران بە مەبەستی رووخاندنی سەركردەكانی و پەكخستنی تواناكانی، تا ئەو كاتەی هەموو هەڕەشەكان لەسەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا لادەبرێن".
یسرائیل كاتز ئاماژەی بەوە كرد، ئێستە سوپای پاسداران بە تەواوی كۆنترۆڵی ئێرانی كردووە و راستەوخۆ سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و هەڵدانی مووشەك بۆ سەر ناوخۆی ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەكە دەكات.
گوتیشی، ستراتیجیی نوێی ئەوان بریتی دەبێت لە لاوازكردنی پێگەی ئێران لە رێگەی بەكارهێنانی "بازنەكانی دەوروبەری و لێدانی توند لە ناو جەرگەی ئەو وڵاتە."
ئەم لێدوانە توندانەی كاتز هاوكاتە لەگەڵ راگەیەنراوێكی سوپای ئیسرائیل كە تێیدا هاتووە؛ یەكێك لە فڕۆكە جەنگییەكانیان لە كاتی ئەنجامدانی ئەركێكدا لە ئاسمانی ئێران، لە رێگەی مووشەكی سەرزەوی بۆ ئاسمانەوە كراوەتە ئامانج، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی ئاسمانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا لێكدەدرێتەوە.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، گۆڕینی ستراتیجیی ئیسرائیل بۆ لێدانی "ژێرخانی نیشتمانی و ستراتیجی و ئاماژەدان بە رووخاندنی سەركردەكان"، ئاستی ململانێكان دەباتە قۆناخێكی بێ گەڕانەوە، ئەم پەرەسەندنانە لە كاتێكدا ناوچەكە لە ترسی تەقینەوەی جەنگێكی سەرانسەری و فراوانبوونی پێكدادانە ئاسمانییەكاندایە.