ئۆجەلان:پێداگری لەسەر درێژەدان بە سیاسەتە دێرینەكان لە ناوچەكەدا ڕۆژانە كارەساتی بەدوای خۆیدا هێناوە

:: PM:09:00:21/03/2026 ‌
عەبدوڵا ئۆجەلان جەژنی نەورۆز و ڕەمەزانی لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆز كرد و گوتی: بە هەموو هێزێكمەوە پشتیوانی ئەم ڕۆح و ئیرادەیەی نەورۆز دەكەم و هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ كە بەڕاستی شایەنی ئەوەیە وەك "رۆژی نوێ" بەرز ڕابگیرێت.

 عەبدوڵا ئۆجالان پەیامێكی بۆ ئاهەنگی جەژنی نەورۆزی ئامەد كە بە درووشمی "نەورۆزی ئازادی و یەكێتیی دیموكراتیك" بەڕێوەدەچێت نارد و لە ئاهەنگەكەدا لەلایەن سیاسەتمەداری كورد وەیسی ئاكتاش بە زمانی كوردی و مەدیا ئاسڵان بە زمانی توركی خوێندرایەوە.

دەقی پەیامەكە بەمشێوەیەیە:

هێما و فیگەرەكانی نەورۆز نیشاندەری ڕۆحی ئەم ناوچەیەن. زوحاك نوێنەرایەتی سیستەمی شارستانییەتی دەوڵەت دەكات، مارەكانی سەر شانەكانی كە ڕۆژانە مێشكی دوو گەنج دەخۆن، نمایندەی دڕندەیی دەوڵەتی ئاشوورییە و كاوەی ئاسنگەریش هێمای بەرخۆدانە دژی ستەم.

ئەو شەڕە ئاینی و مەزهەبی و چاندییانەی كە هەزاران ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵگیرساون، گەورەترین لێدانن لە كولتووری پێكەوەژیانی گەلان. هەر ناسنامە و هەر باوەڕییەك هەوڵدەدات بكشێتەوە بۆ ناو توێكڵەكەی و ئەوانی تر بكاتە دوژمن بۆ ئەوەی درێژە بە بوونی خۆی بدات، بەمەش مەودای نێوان گەلەكانمان قووڵتر دەبێتەوە. بەها و كولتوورە هاوبەشەكانمان پشتگوێ دەخرێن، جیاوازییەكانمان وەك هۆكارێك بۆ شەڕ سەیر دەكرێن.

پێداگری لەسەر درێژەدان بە سیاسەتە دێرینەكان لە ناوچەكەدا ڕۆژانە كارەساتی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەو پارچەبوونەی كە سیاسەتەكانی سەركوت و ئینكاری و دوژمنایەتی بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستیان كردووە، بەداخەوە ئەمڕۆ وەك بیانوویەك بۆ دەستێوەردانەكانی ئیمپریالیزم بەكارهێنراون.

هەرچەندە ئەو شەڕە ئاینی و مەزهەبییانەی كە بۆ ماوەی سێ سەدە لە وڵاتانی ئەورووپادا بەردەوام بوون، بە پەیمانی وێستفالیا لە ساڵی ١٦٤٨ چارەسەر كران، بەڵام بەردەوامبوونی ئەو ململانێیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئەمڕۆ بووەتە هۆكاری تراژیدیای قووڵ بۆ گەلانمان. بەڵام ئەمڕۆ دەرفەتێكمان هەیە كە كولتوور و باوەڕەكان جارێكی تر بتوانن پێكەوەبژێن. ئەوە لە دەست ئێمەدایە كە ژینگەی شەڕ و ئاژاوەگێڕی كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەبێت، بگۆڕین بۆ باخچەیەكی ئازادیی بۆ هەموو گەلان. دەتوانین ئەو تراژیدیایانەی بەسەرماندا دەسەپێنرێن پێچەوانە بكەینەوە و ژینگەیەكی ئازادیی بۆ گەلان بونیاد بنێین.

ئێستە لاپەڕە شاراوەكانی مێژوو ئاشكرا دەبن، ئەگەری ئاشتی نێوان گەلان و بونیاتنانی نەتەوەی دیموكراتیك لە زیادبووندایە. لەگەڵ تێپەڕاندنی نەریتی دەوڵەتی سوونە و شیعە و نەریتی نەتەوەپەرستی، دەرفەتی پێكەوە ژیانی ئازاد لە نێوان گەلان بەهێزتر دەبێت.

ئەمڕۆ لاپەڕەیەكی نوێ كراوەتەوە. ڕێگە بۆ گەلانی ئەم ناوچەیە كراوەتەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئازادانە پێكەوە بژێن.

ئەو پڕۆسەیەی كە لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ دەستمان پێكرد، ئامانجی زیندووكردنەوەی بناغەكانی یەكڕیزییە بەگوێرەی ڕۆحی نەورۆز.

بۆ ئەمەش پێویستە باوەڕمان بەوە هەبێت كە كولتوور و باوەڕەكان دەتوانن پێكەوەبژێن، دەتوانین بەسەر ئایدۆلۆژیا تەنگەكانی نەتەوەپەرستییدا زاڵبین و لەسەر بنەمای ئەنتێگراسیۆنی دیموكراتیك ببینە یەك و پێكەوە هەبوونمان بونیاد بنێین. پێویستە ئەو هۆشیارییە بخەینەڕوو كە ئەمڕۆ دەتوانین بەسەر هەموو جۆرە شەڕ و هەژاری و دڕندەیییەكدا بەسەر بكەوین، وەك ئەوەی لە مێژووی ئێمەدا هەبووە.

نەورۆزی ٢٠٢٦ بە هەموو شكۆمەندییەكەیەوە نوێبوونەوەی ئەم مێژووەیە. مێژوو ئێستا سەرهەڵدەدات، بۆ هۆشیاری لەسەر بنەمای ناسنامەی كولتووری ڕاستەقینە، دەگاتە دەرفەتێكی مەزن.

مانا و هێزی نەورۆز وەك ئێستە لەسەر شانۆی مێژوو سەرهەڵدەدات. نەورۆزی ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوو گرنگییەكی مێژوویی وایان هەیە.

نەورۆزی ٢٠٢٦ لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیەوە زیندوو دەبێتەوە، لەم ساتەدا بە هەنگاوێكی گەورە بە دیموكراتیكبوون و ئەنتێگراسیۆنی دیموكراتیك دەژێتەوە،ڕەنگی نەورۆز وەردەگرێت.

جەژنی نەورۆز وەك لە مێژووەكەی خەریكە زیندوو دەبێتەوە، كاریگەری خۆی لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دووپات دەكاتەوە و جارێكی تر ڕۆڵی خۆی وەك سیمبولی یەكێتی دیموكراتیك لە سەرتاسەری ناوچەكەدا دەگێڕێتەوە. نوێبوونەوەیەكی گرنگ لە ئارادایە و بەردەوامیش دەبێت.

تا ئێستا نەورۆز بە بەها سیمبولییەكان پیرۆز كراوە. ئێستە نەورۆز نوێنەرایەتی خەونێك یان یۆتۆپیایەك ناكات، بەڵكو نوێنەرایەتی ژیانێكی كۆمەڵایەتی پێكهاتوو و پێشكەوتوو دەكات. نەورۆز ئەو ڕۆژەیە كە ئێمە تێیدا بە شێوەیەكی مانادار و هەم لە ڕووی جەستەییشەوە خۆمان دەناسینەوە.

لە جەژنی نەورۆزدا با خۆمان پاك بكەینەوە لە هەموو ئەو پێوەندی و مانا خراپانەی كە بەردەوام دڵگرانمان دەكەن و بە شێوازێكی پەیوەندییەكی لێهاتوو، بە قووڵایی مانا، بە ئەخلاقێكی نوێی ئازادیی و بە تێگەیشتنێكی ئیستاتیك، باوەش بە ژیاندا بكەین.

با فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی” لە هەموو پێوەندییەكانماندا بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە و ژیانێكی ئازاد بەدەست بهێنین. با لەوە تێبگەین كە نەورۆز ئیتر هیوا و خەون و تیۆری نییە، بەڵكو ساتێكی جێبەجێكردنی پراكتیكییە. وەرن با بە هۆشمەندییەكی تەواو و و قووڵی ماناوە وەڵامی ئەم ساتەی جێبەجێكردنی پراكتیكی بدەینەوە.

بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە لە دەستی ئێمەدایە ئەمساڵ بگۆڕین بۆ ساڵی ئازادیی ڕاستەقینە بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەریتی دۆستایەتی و یەكگرتنی نێوان گەلان بونیاد بنێین. دەتوانین بە كۆتاییهێنان بە پارچەبوونی ئەتنیكی و ئاینی-مەزهەبی و پێكدادانی براكوژی و بە مسۆگەركردنی یەكێتیی هەموو كولتوور و باوەڕە ئاینییەكان لەسەر بنەمای ئازادیی و برایەتی ئەمە پێكبهێنین.

لە بەرامبەر ئەو داڕمانە گەورە كۆمەڵایەتی و ئیكۆلۆژییەی كە مۆدێرنیتە سەرمایەداری دروستی كردووە، ئێمە گرێدراو بە ڕۆحی ئازادیی نەورۆز ڕێگەچارەی مۆدێرنیتەی دیموكراتیكمان لەسەر بنەمای سیاسەتی دیموكراتیك و پرەنسیپە ئیكۆلۆژییەكان و ئازادیی ژن پەرەپێداوە.

با ڕێگە نەدەین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە كولتوور بونیاد دەنێت لە لایەن زلهێزە هەژموونخوازەكانەوە بكرێتە گۆڕەپانی جەنگ. وەك چۆن لە مێژوودا ڕوویداوە، ئەمڕۆ دەتوانین پێكەوە ئاستەنگەكانی ئەم كولتوورە گەورەیە تێپەڕێنین كە بتوانێت ئازادانە خۆی دەرببڕێت و لەسەر بنەمای ناسنامە ڕاستەقینەكانی خۆی ئەنتێگرە بێت. كاتێك نەخۆشییەكانی نەتەوەپەرستیی و مەزهەبیی دەست لێبەربدەین و كولتووری مێژوویی یەكگرتنی هەزاران ساڵەی نێوان گەلانمان بەهێزتر بكەین، ئەوا هیچ بەربەستێك نامێنێت كە نەتوانین بەسەریدا تێپەڕین.

دەكرێت مرۆڤ بە ڕۆحی یەكێتی سیاسەتی دیموكراتیك دیارییبكات. ئەگەر بمانەوێت تێكۆشانی هەزاران ساڵەی ژێردەستان تاخدار بكەین، شوێنی ئەمە لە ژینگەی كولتووری سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا نییە، بەڵكو لە ژینگەی ئازادانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. دەتوانین ئەنتێگراسیۆنی دیموكراتیك لەسەر ئەم خاكانە، لەسەر بنەمای یەكبینینێكی ڕاستەقینە و مرۆڤایەتیی، یەكێتی، یەكگرتن و دۆستانە نوێ بكەینەوە.

جەژنی ڕەمەزان لە گەلەكەمان پیرۆز دەكەم و هیوادارم ڕۆحی جەژن ئاشتی و یەكێتیی گەش بكات

نەورۆزی ٢٠٢٦ یەكەم جارە كە گەلانمان بە گیانی ئەنتێگراسیۆنی دیموكراتیك و ئاشتی و یەكڕیزی پیرۆز دەكرێت. بە هەموو هێزێكمەوە پشتیوانی ئەم ڕۆح و ئیرادەیە دەكەم و هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ كە بەڕاستی شایەنی ئەوەیە وەك "ڕۆژی نوێ” بەرز ڕابگیرێت، لە ساڵانی داهاتوودا ببێتە ئامرازێك بۆ ڕێپێوانێكی شایستە؛ هیوای ئاشتی بۆ هەموو گەلانمان دەخوازم.

بە خۆشەویستییەوە سڵاو لە هەمووتان دەكەم



وشە - سۆران عەزیز