لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان شەش هاووڵاتی كورد بە هەڕەمەكی دەستبەسەر كراون.
بەپێی سەرچاوە خۆجییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی نێوان ئەمەریكا-ئیسرائیل و ئێران، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە هەڵمەتی ڕەشبگیریی و دەستبەسەركردنی هاووڵاتییانی كورد چڕتر كراوەتەوە و لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، شەش هاووڵاتیی لەلایەن هێزەكانی ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.
لە 17 ئاداری ئەمساڵدا، دوو برا بە ناوەكانی مەنسوور و مەنووچەهر عەبدوڵازادە خەڵكی گوندی خەلیفانی سەر بە شارۆچكەی نەغەدە لە سنووری شاری ورمێ لەلایەن هێزەكانی ڕژێمەوە بەبێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەر كراون.
لە 18ـی ئاداری ئەمساڵدا، مەنووچەھر ئاغابەگی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی سەندیكای مامۆستایان لە شاری كرماشان بەبێ فەرمانی دادوەر لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە دەستبەسەر كراوە.
هاوكات، نیما هیممەتی قوتابی ماستەری ئێتنۆمووزیكۆلۆژی لە زانكۆی ڕەشت و ماھان، هیممەتی پۆلی یازدەهەمی ڕشتەی فۆتۆگرافیك لەلایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ئەسفەهان دەستبەسەر كران.
لە 19 ئازاری ئەمساڵدا، وەهاب حوسێن زادە لە شاری مەهاباد بەبێ فەرمانی دادوەر لەلایەن هێزەكانی سەر بە ڕژێمی ئێران دەستبەسەر كراوە.