سەرچاوە عێراقییەكان ئاشكرای دەكەن محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەتی عێراق قاسم ئەعرەجی راسپاردووە تا دانوستاندن لەگەڵ میلیشیاكان بكات بۆ ئەوەی هێرشەكانیان بوەستێنن.
ئەمڕۆ شەموو 21ی ئادار، چەند سەرچاوەیەك بە كەناڵی وەن نیوزی عێراقی و تەلەڤزیۆنی عەرەبی قەتەرییان راگەیاندووە، سوودانی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراقی راسپاردووە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ میلشیاكانی سەربە ئێران بكات، تا هێرشەكانیان بوەستێنن.
ئەو هەوڵەی سوودانی و ئەعرەجی دوای ئەو هێرشە دێت كە بەیانی ئەمڕۆ كرایە سەر بارەگای هەواڵگری عێراق و ئەفسەرێك لە هێرشەكە كوژرا.
ئەمڕۆ لەسەر ئەم هێرشە چەندان بەیاننامەی ناڕەزایی لەلایەن عێراقییەكانەوە بڵاوكرایەوە، بەڵام مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و كە پێشتر سەرۆكی هەواڵگرییش بوو لە راگەینراوێكدا دەڵێ، "چارەسەر بە سەركۆنەی وشە و راگەینراو نابێت، بەڵكو هەنگاوی كرەنی دەوێت".