هێرشێكی مووشه‌كی ئێران برینداربوونی 135 ئیسرائیلیی لێ كەوتەوە

:: PM:04:32:22/03/2026 ‌

كەناڵ 12ی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەكشەم بڵاوی كردەوە، زیانەكانی هێرشی شەوی ڕابردووی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ شارەكانی عەراد و دیمۆنە، برینداربوونی 135 كەسی لێ كەوتووەتەوە، جیا لە زیانە مادییەكان كە بەر شوێنی كەوتنە خوارەوەی مووشەكەكان كەوتوون.

درەنگانی شەوی ڕابردوو كۆماری ئیسلامیی ئێران ژمارەیەك مووشەكی بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵدایە ئاسمان، هەرچەندە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل وەڵامی مووشەكەكانی دایەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆرییان، بەشێك مووشەكەكان كەوتنە خوارەوە و بەوهۆیەوە 135 كەس بریندار بوون و بە پەلە گەیەنراونەتە نەخۆشخانەكان.

دوای بۆردمانەكان دەستبەجێ تیمی بەهاناوەچوون و فریاكەوتن گەیشتنە شوێنی كەوتنە خوارەوەی مووشەكەكان لەو دوو شارە و داوایان لە خەڵكی كرد كە كۆبوونەوە دروست مەكەن و بڵاوەی پێ بكەن، تا ئەوان بتوانن بە ئارامی كاری خۆیان بكەن.

سەركردایەتیی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل كە لە دامەزراوەكانی فریاكەوتن و ئاگركوژێنەوە و بەهاناوەچوون و نەخۆشخانەكان پێكدێت، لە ڕاگەیەنراوێكدا داوای لە خەڵكی وڵاتەكەی كرد كە پابەندی تەواوەتی ڕێنوێنییەكان بن، كاتێك زەنگی ئاگەداركردنەوەیان پێ دەگات، پێویستە بچنە شوێنی پارێزراو و ئارام تا دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د