ئیسرائیل دامەزراوەی توێژینەوەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆردمان كرد

:: PM:04:36:22/03/2026 ‌

سوپای ئیسرائیل بڵاوی كردەوە، دامەزراوەیەكی زانكۆ لە تاران بە وردی بۆردمان كراوە كە وەك ناوەندێكی توێژینەوە و گەشەپێدانی ستراتیجی چەكی ئەتۆمی كاری تێدا كراوە و بەكار هێنراوە.

لە ڕاگەیەنراوێكی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە، لە چوارچێوەی هێرشی فڕۆكە جەنگییەكان بۆ سەر ئێران، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل پێگەیەكی توێژینەوە و گەشەپێدانی سەربە دامەزراوەی پیشەسازیی سەربازی و سیستمی مووشەكی بالیستیكی ئێرانی كردووەتە ئامانج، هاوكات توێژینەوەی پەرەپێدانی ئەتۆم بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمیش لەو شوێنە توێژینەوەی لەسەر كراوە.

ئاماژەی داوە، ئەو شوێنە لە زانكۆی مالیك ئەشتەر بۆ تەكنەلۆجیا لە تارانی پایتەختی ئێران بووە، لەلایەن ئێرانەوە پێشتر وەك ناوەندێكی پیشەسازیی سەربازی و سیستمی مووشەكی بالیستیك بەكار دەهێنرا، تا بتوانێ پێكهاتەكانیان زیاتر پەرە پێ بدات و چەكی ناوكی لەو شوێنە دروست بكات.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە، زانكۆكە سەربە وەزارەتی بەرگریی ئێرانە و ناوی لە ناو لیستی سزاكانی نێودەوڵەتی بۆ سەر ئێران ، چەند دەیەیەكە توێژینەوەی پەرەپێدانی بەرنامەی ناوكی و دروستكردنی مووشەكی بالیستیك لەو شوێنە ئەنجام دەدرێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د