پێگەیەكی ئەلیكترۆنی، تێچوو و خەرجیی ئەمەریكای تا ئێستە لە جەنگ دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو كردووەتەوە و بەگوێرەی ئەو داتایانەی كە لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكاوە دەستی كەوتووە، تا ئێستە ئێران 27 ملیار دۆلار خەرجی بووە لە جەنگ دژی ئێران.
پێگەی Iran War Cost Tracker كە بەشێوەی ئۆنلاین و بەردەوام تێچووی ئەمەریكا لە جەنگ دژی ئێران بڵاو دەكاتەوه. تێیدا هاتووە، لە 22 ڕۆژی یەكەمی جەنگ دژ بە ئێران، ئەمەریكا لە هەر چركەیەكدا 11 هەزار و 574 دۆلار و لە هەر سەعاتێك 41 ملیۆن و 666 هەزار و 667 دۆلار، لە هەر ڕۆژێكیش ملیارێك دۆلار تێچووی جەنگیەتی دژ بە ئێران، بەمشێوەیەیش كۆی گشتیی تێچووەكانی ئەمەریكا تا ئێستە گەیشتووە بە 27 ملیار و 429 ملیۆن و 84 هەزار و 224 دۆلار.
هاوكات پێگەكە ژمارەی قوربانیانی ئێران و ئەمەریكای لەو جەنگە داناوە و تا ئێستە ئەمەریكا 13 سەربازی كوژراوە و 200ی تریشی بریندار بووە، ئێرانیش پێنج هەزار و چوار سەركردە و ئەفسەر و سەربازی لێ كوژراوە، ژمارەی كوژراوانی سڤیلیش لە ئێران هەزار و 382 كەس و بریندارانیش 12 هەزار و 969 كەسن.
پێگەكە ئەو داتا و زانیارییانەی لە ڕێگەی ئەو زانیارییانەوە وەرگرتووە كە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا "پنتاگۆن" بەردەوام بۆ كۆنگرێسی ئەمەریكا ڕەوانەی دەكات، تا لە پێشهات و تێچوو و زیان و قوربانییەكانی جەنگ كۆنگرێسی وڵاتەكەی ئاگادار بكاتەوە.