ڕۆژنامەیەكی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، ئیسرائیل و ئەمەریكا تا ئێستە 16 هەزار ئامانجی ئێرانیان بۆردمان كردووە، هاوكات باس لە كەمبوونەوەی مووشەكی بەرگریی ئاسمانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، نایشارێتەوە كە پنتاگۆن دەستەوارەیەكی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو واژوو كردووە و بایی 23 ملیار دۆلار چەكیان پێ دەفرۆشێت.
سەرەڕای ئەوەی ئەمەریكا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە جۆرەكانی پاتریۆت و سی رام و ساد داپۆشیوە، بەڵام تاران بەردەوام دەتوانێ هێرش بكات و ئامانجەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە و ئیسرائیل بپێكیت، بەوهۆیەوە واشنتن بڕیاری داوە چەكی زیاتر ڕەوانەی ناوچەكە بكات.
هاوكات وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا دەستەوارەی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو واژوو كردووە، تا چەكی زۆر و بە پەلەیان بۆ ڕەوانە بكات، كە بەهای ئەو گرێبەستانە دەگاتە 23 ملیار دۆلاری ئەمەریكی.
ڕۆژنامهی
وۆل ستریت جۆرنالی ئهمهریكی نووسیویهتی، تا ئێستە ئەمەریكا و ئیسرائیل 16 هەزار ئامانجیان لە ئێران بۆردمان كردووە، ئامانجەكانیش بریتی بوون لە سەكۆی هەڵدانی مووشەك و وێستگەكانی هەڵدانی درۆن، جیا لە بۆردمانكردنی بنكە و بارەگاكانی سەربازی و پیشەسازیی سەربازیی ئێران و بەرپرسان و ئامانجەكانی تر، سەرەڕای ئەوەی هێرشی مووشەكی و درۆنی بەشێوەیەكی زۆر بە بەراورد لەگەڵ ڕۆژانی یەكەمی جەنگ كەمی كردووە، هاوكات ئیماراتیش دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە دەتوانێ خۆی بپارێزێت، بەڵام ئێران مووشەك و درۆنەكان لە ئاستێكی نزم هەڵدەدات و ناچنە ناو قووڵایی ئاسمانەوە، ئەمەیش وا دەكات نەكەونە ناو ئامانجی ڕادارەكانەوە.
لەبارەی ئەو دەستەوارە 23 ملیارییەی كڕینی چەكیش لە ئەمەریكا ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، هەریەك لە ئوردن و كوێت و ئیمارات بەو پارە زەبەلاحە چەك لە ئەمەریكا دەكڕن و پێویستییە سەربازییەكانی خۆیان بە تەواوی پڕ دەكەنەوە.