سوودانی لە بارەگای هەواڵگریی عێراق: هێرشبەران ترسنكۆن و خوێنی عێراقیان فرۆشت

:: PM:10:16:22/03/2026 ‌

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەردانی بارەگای دەزگەی هەواڵگریی نیشتمانیی عێراقی كرد كە دوێنێ بۆردمان كرا و دووپاتی كردەوە، پێویستە لێكۆڵینەوەی ورد لەبارەی بۆردمانەكەوە بكرێ و بكەرانی ئاشكرا بكرێن و بدرێنە دەست دادگا و بە سزای خۆیان بگەن.

سوودانی گوتی، ئەوەی ئەو تاوانەی ئەنجام داوە، گرووپێكی ترسنۆكن و خوێنی عێراقییەكانیان فرۆشتووە و پێشێلی دامەزراوەكانی دەوڵەتیان كردووە، ئەوەی بوێریی ڕشتنی خوێنی عێراقیشی هەیە، نوێنەرایەتی عێراق ناكات، هیچ باوەڕ و بنەمایەك پاساوی ئەو تاوانە نادات، ئەگەر عەقیدەیەكیش لە پشتی ئەو هێرشەوە هەبێت، ئەوا فشەڵ و ناتەواوە.

زیاتر گوتی، حكوومەت بەگوێرەی لۆجیك و ژیری و بەرپرسیاریەتی مامەڵە دەكات، بەڵام دەستەوەستان نابێ بەرانبەر ئەو تاوانە كە فرۆشتنی خوێنی عێراقییەكان و بەزاندنی سنووری بەرژەوەندەییە باڵاكانی وڵاتەكەمانە.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، پێویستە لەسەر لایەنەكانی سیاسیی نیشتمانی هەڵوێستێكی ڕوون و یەكلاكەرەوەیان هەبێ لەو دەستدرێژییانەی كە دەكرێنە سەر دەوڵەت و دامەزراوەكانی و مامەڵە بە داهاتووی وڵاتەكەمان دەكەن.

لە كۆتاییدا سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتی، هەندێك هەن مافیان بەخۆیان داوە كە بڕیاری جەنگ و ئاشتی ڕابگەیەنن، بەڵام هەمووان دڵنیا دەكەینەوە كە ئەوە بڕیاری دەوڵەتە بە تەنیا و هەر دەوڵەتیشە بەرژەوەندییەكانی عێراق دەپارێزێت.





وشە - باز ئه‌حمه‌د